بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرووپی ئازادییە ئایینییەکان کە پێکهاتووە لە ناوندە ئایینی و ئەتنیکییەکان لە نامەیێکدا کە بۆ ترەمپ نووسیویانە هۆشداری دەدەن لەبارەی دەرەنجامی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا کە کورد و مەسێحی و ئێزدی لێ جێگیرە.
لەنامەکەدا هاتووە: "هەوڵی تورکیا لە هێرشەکەی 12 مانگی پێش ئێستادا بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی عەفرین دەریخست کە ئەو وڵاتە ئامانجی پاکتاو کردنی نەتەوەیی و کۆمەڵکۆژ کردنی لە باکووری سووریا لە مێشکدایە و بەنیازە کورد و مەسێحی و ئێزدی لە سووریا نەهێڵێت".
ئەو گرووپە هۆشداری دەدات هەڵکردنی چرای سەوز بۆ هێرشی تورکیا، بوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە باکووری سووریا دەخاتە مەترسییەوە.
گرووپەکە بە دەوڵەتی ئەمریکا ڕادەسپێرێت مۆڵەت نەدات تورکیا بە دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا ببێتە هۆی دەرکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە کورد و عەرەب و مەسێحی پێکهاتوون.
گرووپی ئازادییە ئایینییەکان هۆشداریش دەدات ئەگەر هێزەکانی تورکیا کونترۆڵی ناوچەی ئارام بەدەستەوە بگرن زۆرینەی ناوچە کورد و مەسێحی نشینەکانی سووریا دەکەوێتە دەستی ئەو وڵاتە و ڕووداوەکانی عەفرین دووپات دەکرێنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment