هەولێر هەوڵی بەئەلیكترۆنی كردن و مۆدێرن کردنی بنکەکانی هەرێم دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، لە هەوڵی بەئەلیكترۆنی كردنی بانكەكاندان و ١٥ بانک كراونەتە ئەلیكترۆنی و مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكوومیی نێودەوڵەتیش وەرگیراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم وتانەی ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە کاتی پێشوازی كردنیدا بوو لە شاندێكی باڵای بانكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی میرزا حەسەن، ڕاگری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جێبەجێكارانی بانكی نێودەوڵەتی.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە جیاوازیی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئێستا كرد و گوتی: "توانیمان بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین و سەركەوین بەسەر شەڕی تیرۆرستیی داعشدا و بە خۆڕاگریی مووچەخۆران سەركەوتین بەسەر دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغدا و ئێستاش مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێک دابەش دەكرێت."

ڕێباز حەملان باسی لەوەش كرد: "لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە و یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاری پێویستی بۆ وەبەرهێنەران كردووە، پڕۆژەكان دەستیان پێ كردووەتەوە و بەشێک لە قەرزی وەبەرهێنان دراوەتەوە و چەندان كۆنگرەی تایبەت بە ئابووری و وەبەرهێنان لە كوردستان ئەنجام دراون."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كرد کە تایبەتن بە یەكخستنی پێناسەی گومرکی و پەیوەندییەكانی نێوانیان و هەوڵی باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە دەدرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51547

Your Comment

You are replying to: .
captcha