پارتى به‌ توندی بۆردومانه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ توندی ئیدانه‌ی بۆردوومانه‌که‌ی تورکیا ده‌کات له‌ ناوچه‌ی دێره‌لووک له‌ قه‌زای ئامێدی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش کوژرانی دوو هاووڵاتیی سڤیل له‌ بوردومانی شه‌وی ڕابردووی قه‌زای ئامێدی له‌ پارێزگای دهۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی تورکیاوه‌، فراکسیۆنی پارتی دیموکرات له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ک یه‌که‌م حیزبی کوردستان له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ به‌ توندى ئيدانه‌ى بۆردومانه‌كانى توركياى كرد بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورييه‌كان.

فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: "بۆردومانی خه‌ڵکی سڤیلی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی تورکیاوه‌ هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت و پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ی بوونه‌ته‌ بیانووی بۆردومانه‌کان ململانێی خۆیان نه‌که‌ن به ‌پاساوی ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵکی سڤیل و گوندنشینی هه‌رێمی کوردستان ببنه‌ قوربانی."

ده‌قى ڕاگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگه‌یێندراوێک له‌ فراکسیۆنی پارتییه‌وه‌

به‌داخه‌وه‌ جارێکیتر به‌هۆی بۆردومانی تورکیاوه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی نزیک شارۆچکه‌ی دێره‌لووکی سه‌ر به‌ ئامێدی دوو هاووڵاتی شه‌هید بوون و دوو که‌سی دیکه‌ش بێسه‌ر و شوێنن.

وێڕای سه‌ره‌خۆشی فراکسیۆنی پارتی بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان هیوای دیاربوونی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنان ده‌خوازین، جارێکیتر ته‌ئکید له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕمان ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ بۆردومانی خه‌ڵکی سڤیلی هه‌رێمی کوردستان هیچ پاساوێک هه‌ڵناگری و به ‌توندی ئیدانه‌ی ده‌که‌ین و پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ی بوونه‌ته‌ بیانووی بۆردومانه‌کان ململانێی خۆیان نه‌که‌ن به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵکی سڤیل و گوندنشینی هه‌رێمی کوردستان ببنه‌ قوربانی.

فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان

2019.01.23

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51342

Your Comment

You are replying to: .
captcha