پێویستە بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ئەندامانی کوردی پەرلەمان هەوڵدەدەن بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیار دراوە تا کۆتاییی ئەم مانگە پەسەند بکرێت و ئەمە دواین وادەیە بۆ پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ".

بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا دیاری کراوە کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا سەبارەت بە پشکی ھەرێم دەکرێت و ئەگەر ڕێککەوتنەکەش جێبەجێ نەکرێت، بەغدا پێویستە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە خەرج بکات، کە ئێستا ٣١٧ ملیار ڕەوانە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ زیاد دەبێت، بە جۆرێک بۆ فەرمانبەران ٤٥٤ ملیار و بۆ پێشمەرگەش ٦٨ ملیار دینار خەرج دەکرێت."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "دەمانەوێت ئەو ٥٢٢ ملیار دینارە زیادتریش بکەین، بۆ ئەوەی بەشی مووچەی ھەموو فەرمانبەران و پێشمەرگە بکات".

حەداد باسی لەوەش کرد: "ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵ فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی کۆدەنگییێک ھەبێت لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگ بەو بڕگەیە بدەن و ببێتە یاسا، بۆ ئەوەی حکوومەت جێبەجێی بکات و تا ئێستاش ڕای فراکسیۆنەکان جیاوازە، بەشێکی زۆری پشتگیریمان دەکەن و ئێمەش ھەوڵ دەدەین تا کۆتاییی مانگ ھەموو فراکسیۆنەکان ڕازی بکەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51207

Your Comment

You are replying to: .
captcha