ڕووسیا دژی ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا و توركیایه‌ له‌ سووریا

به‌شی جیهان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌باره‌ی پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ دروست كردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا كه‌ به‌ دڵی سه‌رۆک كۆماری توركیایشه‌، ده‌ڵێت: "سوپای سووریا ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆنتڕۆڵی باكووری وڵات بكات."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 16-1-2019 سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و كرملینیش پێشنیازی به‌ستنی لووتكه‌یێک له‌باره‌ی دۆخی سووریاوه‌ ده‌كات.

ناوبراو به‌ ڕۆژنامه‌وانانی گوت: "ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو، گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ بۆ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی سووریا و په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ كارگێڕییه‌كانی حكوومه‌تی سووریا."

ئه‌م وتانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا ڕای‌گه‌یاند که‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی دروست كردنی ناوچه‌یێكی ئارام له‌ باكووری سووریا گفتوگۆیان كردوووه‌.

ئه‌ردۆغان ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان له‌ په‌رله‌مانی توركیادا ڕای‌گه‌یاند که‌ 23ی ئه‌م مانگه‌ش له‌گه‌ڵ ڤیلادیمێر پووتین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌.

هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و به‌رپرسانی باكووری سووریا دروست كردنی ناوچه‌ی ئارامیان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ڕه‌ت كرده‌وه‌.

له‌لایێكی‌تره‌وه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ داوای به‌ستنی لووتكه‌یێكی سێقۆڵی له‌ نێوان ڕووسای، ئێران و توركیا ده‌كه‌ین بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ڕه‌وشی سووریا.

هاوكات باسی له‌وه‌ش كردوووه‌ که‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ مۆسكۆ پووتین و ئه‌ردۆغان كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا تاوتوێ ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51159

Your Comment

You are replying to: .
captcha