کوردپرێس، ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی په‌رله‌مانی کوردستان بڵاو دەکاتەوە:
دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی وەک لە ماددەی 3ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 دا هاتووە، دەوڵەتی هەموو عێراقییەکانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانەوە.
فیدراڵییەت لە مانای بنەڕەتی و راستەقینەی خۆیدا دابەشکردنی دەسەڵاتە، لەوانەش دەسەڵاتی ئیدارەدانی دارایی و سامانە سرووشتییەکان لەنێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکاندا، فیدراڵییەتی فرەپێکهاتەش لەسەر چەمکە بنەڕەتییەکانی سەربەخۆیی زاتی، هاوبەشێتی، هاوسەنگیی دەستووری و هاریکاری و لامەرکەزییەتی سیاسیی فراوان، وەستاوە.
ئەمە لە کاتێکدا، بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ئیتیحادی دروست بووە، ئەمەش دەخوازێت کە دەقەکانی دەستوور بە ئاراستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری و پاراستنی پرەنسیپەکانی فیدراڵی و یەکسانی شرۆڤە بکرێت، بەبێ ئەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمەکان تەحجیم بکات و سنوورگەلی نادەستووری بۆ دەسەڵاتەکانیان دابنێت.
بۆیە هەر مامەڵەکردنێکی ناهاوسەنگ لە پیادەکردنی دەسەڵاتەکان و مامەڵەکردنی ئینتیقائییانە لەگەڵ دەقەکانی دەستووردا، ئامرازی بنکۆڵکردنی سیستەمە فیدراڵییەکەن و لێکەوتە و دەرەنجامەکانی لە کۆتاییدا خزمەت بە وڵات و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانیشی ناکات.
هەر لەم روانگەیەشەوە بوو کە هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر و داکۆکیکار بووە لە جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا و بەردەوام کاری بۆ پتر چەسپاندنی کردووە، چونکە ئەزموونی تاکڕەوی و مەرکەزییەت نەهامەتییەکانی رابردووی بۆ گەلانی عێراق خوڵقاند.
لەم میانەیەشدا، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لە ڕێکەوتی 2022/2/15، لەمەڕ دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە عێراقدا، ناکۆک و ناتەبایە لەگەڵ بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و دەقەکانی دەستووری عێراقیشدا، سەرەنجامیش ئەمجۆرە بڕیار و بیرکردنەوانە گورزی کەمەرشکێن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پرۆسەی حوکمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات.
چوونکە:
پەر‌له‌مانی کوردستان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه و به‌پێی مادده‌ی 117/ برگه‌ی یه‌که‌م له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق دانی پێدانراوه. هەروەک به‌پێی مادده‌ی 121ـی دەستووریش مافی ده‌رکردنی یاسای پێدراوە. بۆیه دەرکردنی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، هاوتایە لەگەڵ دەستووری عێراق و لەچوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندایە.
بۆیە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و به ناده‌ستووری ناوبردنی ئەو یاسایە له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه ناکۆکه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و خودی بڕیارێکی پێشووی دادگاکە، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ی خواره‌وه:
1- ده‌ستووری عێراق له مادده‌ی 110دا به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رێوه‌بردنی سامانه سروشیتیه‌کان له نێویاندا نه‌وت و گازی به ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حکومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه. بەڵکو مادده‌ی 112/ برگه‌ی یه‌که‌مـی ده‌ستوور جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌کانی حکومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌کانن که تایبه‌ته به به‌رێوه‌بردنی ئه‌و کێڵگانه‌ی پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له ساڵی 2005 له لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه به‌رێوه‌براون.
2- بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدراڵی دژ به بڕیارێکی پێشتری خۆیه‌تی که ژماره 8ـی ساڵی 2012 ـیه، که جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێکردنی هه‌رێم و پارێزگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانی نه‌وت ده‌کاته‌وه لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و سامانە سرووشتیەکان.
3- دەرکردنی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007ى هەرێمی کوردستان پاش نائومێدبوون بووە لەوەی کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەرکی دەستووریی خۆی لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی هەڵناسێت، لە نەبوونی ئەم یاسا گرنگە فیدراڵییەشدا کار بە هەندێک یاسای سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو دەکرێت کە یاساگه‌لێکن به بیری ناوه‌ندگه‌رایی داڕێژراون، لەگەڵ بنەما دەستوورییەکان بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و سامانە سرووشتییەکان، یەکناگرنەوە، له‌وانەش یاسای ژماره 101ی ساڵی 1976 و یاسای ژماره 84ی ساڵی 1985 که دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا پشتی پێبەستوون.
4- مادده‌ی 111ی ده‌ستوور جه‌ختی لەوە کردووەتەوە کە خاوه‌ندارێتیی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە، هەرێمی کوردستانیش له ڕوانگه‌ی پابەندبوونی بەم بنەمایە له مادده‌ی 3ی یاسای ژماره 22ی ساڵی 2007 دا جه‌ختی لەسەر کردووەتەوە و بەتەواوی پابەندی بووە. هەر بۆیەش بەتێکڕایی بڕی داهاتی فرۆشراوی نه‌وتی، بەو شێوەیەی کە له یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا دیاری کراوە، گەڕاندووەتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی و پاشان به‌شێوه‌ی له بریدانان مقاصه و به‌شی هه‌رێمی کوردستانی لێدراوه.
5- په‌رله‌مانی کوردستان له ساڵی 2007ەوه که یاسای ژماره 22ی نه‌وت و گازی ده‌رکردووه، حکوومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ لێکه‌وته‌کانیدا کردووه. ئەمەش له دواهه‌مین یاسای بودجه‌ی عێراق ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و له مادده‌ی 11ی یاساکەدا جه‌خت له پێویستدی ئه‌م هه‌ماهه‌نگیده کراوه‌ته‌وه.
لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات دەکاتەوە، بەشێوەیەک کە دوور بێت لە شرۆڤەکردنی تاکلایەنە و لەبەرچاونەگرتنی یەکێتیی ئارەزوومەندانەی فیدراڵیی عێراق.
Your Comment