گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی نێوان فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و تورکیا ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی ڕای‌گه‌یاند: بڕیاره‌ 24ی ئه‌م مانگه‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی نێوان فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی و تورکیا ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دانا سه‌عید به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی گوتی: شاندێکی تایبه‌تی هێڵی ئاسمانیی تورکیا سه‌ردانی فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانیان کردوووه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ بواری ئاسایش و کارگێری و هونه‌ری ناو فرۆکه‌خانه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕێکخستنی گه‌شته‌کان.

ناوبراو وتیشی: شانده‌که‌ خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕیوه‌ له‌ سه‌ر ئاستی فرۆکه‌خانه‌ و جێبه‌جێ کردنی خزمه‌تگوزراییه‌کان به‌پێی یاسای فرۆکه‌وانی.

دانا سه‌عید باسی له‌وه‌ش کرد که‌ شانده‌که‌ بڕیاریان داوه‌ گه‌مارۆ ئاسمانییه‌کانی نێوان سلێمانی و تورکیا هه‌ڵبگرن و دووباره‌ گه‌شته‌کان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌.

ناوبراو ئاشکراشی کرد که‌ بڕیاره‌ 24ی ئه‌م مانگه‌ یه‌که‌م گه‌شتی ئاسمانیی نێوان فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و تورکیا ده‌ست پێبکاته‌وه‌ و هه‌فتانه‌ش حه‌وت گه‌شت ئه‌نجام بدرێت.

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ له‌ داهاتوودا گه‌شته‌کانی نێوان سلێمانی و تورکیا زیاتر ده‌بن و بارودۆخه‌که‌ ئاساییی ده‌بێته‌وه‌.

دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ 25ی ئه‌یلوولی 2017، حکوومه‌تی تورکیا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی بۆ فرۆکه‌خانه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی ڕاگرت به‌ڵام دوای ته‌نها شه‌ش مانگ گه‌شته‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی پێکرده‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51083

Your Comment

You are replying to: .
captcha