وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گه‌یشته‌ هه‌ولێر

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15-1-2019 محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ‌ڕێی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازیی لێکرد.

بڕیارە محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان لەوان مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌کانی تاران و هه‌ولێر بکه‌ن.

به‌شداری کردن له‌ میهره‌جانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رنامه‌کانی دیکه‌ی زه‌ریفه‌ له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا و بڕیاره‌ میهره‌جانێک له‌ ژێر ناوی "میهره‌جانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان" له‌ هۆتێل میلینیۆمی شاری سلێمانی به‌ ئاماده‌ بوونی سه‌دان که‌س له‌ بازرگانانی شاره‌ جیاوه‌زه‌کانی عێراق له‌وان له‌ پارێزگاکانی ئه‌نبار، نه‌ینه‌وا، سه‌لاحه‌دین، هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی و که‌رکووک به‌ڕێوه‌ بچێت و هه‌موو بازرگانه‌ چالاک و کاریگه‌ره‌کان له‌ پێوه‌ندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌م میهره‌جانه‌دا که‌ به‌ ئاماده‌ بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئاماده‌ ده‌بن.

به‌رنامه‌یێکی دیکه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌ردانی مه‌زاری جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری پێشوو و سه‌رۆکی کۆچکردووی یه‌کێتیی نیشتیمانی له‌ سلێمانییه‌ که‌ به‌ ئاماده‌ بوونی به‌رپرسانی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51077

Your Comment

You are replying to: .
captcha