به‌شی زۆری داهاتی نه‌وتی هەرێمی كوردستان دەرێتە کۆمپانیا نەوتییەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نه‌وتی كوردستان، له ‌ڕاپۆرتێكیدا كه‌ ڕۆژی 12ی 1ی 2019 بڵاوی كرده‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ داهاتی نه‌وت نیوه‌ی زیاتری بۆ كۆمپانیاكان بێت، پێویسته‌ حكوومه‌ت موراجه‌عه‌ی ته‌واو له‌و پرسه‌دا بكات و پرنسپێكی گونجاو دابنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیچووی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له ‌ئه‌ستۆی كۆمپانیاكانی نه‌وته ‌و پشكیان له ‌قازانجی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری داهاتی نه‌وت بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌چێت".

ناوبراو وتیشی:"ئه‌وه‌ش له ‌چوارچێوه‌ی گرێبه‌سته‌ 25 ساڵییه‌كه‌ی كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێكخراوه‌".

قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وت كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ مانگانه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌، به‌ڵام هیچ زانیارییێک نازانرێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ندی دراوته‌وه‌و چه‌ندی ماوه‌.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو وتی: "له ‌خولی ڕابردووی په‌رله‌مانی كوردستان، سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و غازیه‌كان په‌سه‌ندكرا، به‌ڵام دامه‌زراندنی سندووقه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا".

ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند، "له‌م خوله‌دا فشاری جدی ده‌كه‌ین بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و سندووقه‌ كه‌ سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی له ‌ئه‌ستۆدایه‌، وردبینی، شه‌فافیه‌ت و كۆنترۆڵ كردنی داهاتی سامانه‌ سروشتییه‌كان، چوونكه‌ له ‌ڕێگه‌ی ئه‌و سندووقه‌وه‌ ده‌زانرێت بڕی داهات چه‌نده‌ و چه‌ند قه‌رز له‌سه‌ر حكوومه‌ت ماوه‌و چه‌ندی دراوه‌ته‌وه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51051

Your Comment

You are replying to: .
captcha