شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد و کونسوڵی بەریتانی لە هەولێر، سەردانی شاسوار عەبدولواحیدیان لە شاری سلێمان کرد و باڵیۆزی بەریتانیا ڕایگەیاند، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئەم جۆرە لە حکومڕانی ناکات کە ئێستا لە هەرێم هەیە.

کوردپرێس:

جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد و مارتن وار کۆنسوڵی بەریتانی لە هەرێم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ کۆبوونەوە و لە کۆبونەوەکەدا جۆن ویڵكس رایگەیاندووە، ئەوان پشتگیری دروستکردنی دامەزراوەی بەهێزن لە هەرێمی کوردستان و دورکەوتنەوە لە دەسەڵاتی حیزبی بەسەر دامەزراوەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەم شێوازە لە حوکمڕانیی ناتوانێت خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات و ناتوانێت بەردەوام بێت.

هەروەها باسی ئەوەی کردووە، ئەم شێوازە لە حکومڕانی وایکردوە کە سەرمایەگوزاری بیانی و رۆژئاوا ترسیان هەبێت لە هاتن بۆ هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی کوردستان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و هاوڵاتییان.

ڕاشیگەیاندووە، "مەبەستمانە کە خەڵکی کوردستان بزانن ئێمە پشتیوانی حیزبی دەسەڵاتدار و ئەم شێوازە لە حوکمڕانی ناکەین، بەڵکو پشتیوانی چاکسازی و باشکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و چاکسازی راستەقینە دەکەین".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاسوار عەبدولواحید بە باڵیۆزەکەى بەریتانیای راگەیاندووە، "هیچ هیوایەکتان نەبێت بەوەی کە دوو حیزبی دەسەڵاتدار چاکسازی بکەن، ناتوانن هیچ چاکسازیەکی راستەقینە بکەن، چونکە مانەوەی جوت بنەماڵە و دوو حیزبی دەسەڵاتدار بەندە بەم شێوازە خراپەی حوکمڕانییەوە".

هەروەها سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی ئەوەی کردووە، "پلانی ئەمان ئەوەیە پشتیوانیێکی زۆری هاوڵاتییانی کوردستان بە دەست بهێنین، تاوەکو لە رێی ئەو پشتیوانیە زۆرە و هەروەها ویست و حەزی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بۆ چاکسازی لە هەرێم، وا بکەن پێکەوە ئەم شێوازە حوکمڕانییە خراپەی جوت حزب بگۆڕین".

شاسوا عەبدول واحید ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رەنگە پارتی و یەکێتی دەسەڵات و پارەیان هەبێت،بەڵام خەڵکیان لەگەل نیە و ئێمە وەک نەوەی نوێ لە چەند ساڵی داهاتوودا هەوڵی بە دەستهێنانی متمانەی خەڵک دەکەین ، چونکى خەڵک گرنگە بۆ هەڵبژاردن، خۆپیشاندان یان تەنانەت شۆرشیش ، خەڵک سەرچاوەی گۆڕانکارییە،نەک هێز و پارە و دەسەڵات".

شاسوار عەبدولواحید ئەوشی وتووە، "ترسی وڵاتانی ئەوروپی و رۆژئاوا لەو لێشاوە زۆرەی کۆچی نایاسایی هاوڵاتییان، هۆکارەکەی ئەم حکومڕانییە خراپەی جوت بنەماڵەیە لە هەرێمی کوردستان کە وای کردووە هیچ هاوڵاتییەک متمانەی بە ژیان و داهاتوی خۆی نەبێت،بۆیە کۆچ دەکەن، چارەسەری نەهێشتنی ئەم کۆچە بریتییە لە هێنانەوەی هیوا و متمانە بۆ هاوڵاتییان،لە رێی نەمانی ئەم شێوازە حوكمڕانیە خراپەی هەرێم".

News Code 51031

Your Comment

You are replying to: .
captcha