بڕیارە بەم زووانە شاندێکی داراییی بەغدا سەردانی هەولێر بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی کوردی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بەم زووانە شاندێکی داراییی بەغدا لەبارەی مووچە و بودجەوە سەردانی هەولێر دەکەن و سەردانەکەش ئەرێنیی دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە شاندێکی داراییی بەغدا سەردانی هەولێر بکات، سەردانەکە بۆ ئەوەیە بزانن ئاخۆ هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەبێت، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا دێت کە پێشتر لیژنەی دارایی لە بەغدا پێنج لیژنەی پێک هێناوە و ئەو لیژنەیەی کە دێنە هەولێریش یەکێک لەو لیژنانەیە".

جەمال کۆچەر زانیاریی لەبارەی شاندەکە دا و گوتی: شاندەکە لە ژمارەیێک پەرلەمانتاری عەرەب پێک ھاتوون، خۆشمان وەک کورد ھەر بەشداری لیژنەکانین، ئەوان زیاتر بۆ دڵنیایی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، تا بزانن ھەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا چۆن لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات لە ڕووی دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، بێگومان ھاتنیان لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە و ھێشتاش ڕۆژی سەردانەکە دیار نییە.

ئەندامەکەی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق دەربارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەڵێ: پشکی ھەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراقدا ھەروەک خۆیەتی و گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتووە، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان کراوە زیاترە لەوەی لە بودجەدا ھاتووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پارەی کارپێکردن و وەبەرھێنان کۆ بکەینەوە، زیاتر لە ژمارەی نێو بودجەکە دەردەچێت و نزیک دەبێتەوە لە ١٤%ی بودجەی گشتیی عێراق."

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51026

Your Comment

You are replying to: .
captcha