کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا مه‌ترسییێکی گه‌وره‌یه‌

به‌شی سووریا- سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا مه‌ترسییێکی گه‌وره‌یه‌ و ده‌ڵێت: داواکاریی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییێکی نوێ به‌ ئاماده‌بوونی تێکڕای ئیتنیکه‌کان پێک بهێندرێت بۆ پاسه‌وانی له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات.

ئیبراهیم برۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا (ENKS) له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێسدا سه‌باره‌ت به‌ پاشهاته‌کانی سه‌فه‌ری به‌رپرسانی ئه‌مریکا بۆ تورکیا ڕای‌گه‌یاند: به‌ دڵنیایییه‌وه‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا مه‌ترسییێکی زۆر گه‌وره‌ دروست ده‌کات. ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا، میراتێک له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به‌جێ بهێڵێت.

ناوبراو گوتیشی: ئێمه‌ له‌م بابه‌ته‌ نیگه‌رانین که‌ پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا، تورکیا له‌گه‌ڵ PYD و PKK به‌ شه‌ڕ بێت یان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ خه‌ڵک ئاواره‌ بن و شه‌پۆلێکی نوێ له‌ کۆچکردن ده‌ست پێبکاته‌وه‌.

ئیبراهیم برۆ ئاماژه‌ به‌ داواکاریی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کورد له‌ ئه‌مریکا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: داواکاریی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییێکی نوێ به‌ ئاماده‌بوونی تێکڕای ئیتنیکه‌کان بۆ پاسه‌وانی له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات پێک بهێندرێت.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: له‌ ڕاستیدا هه‌موان ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌کلایه‌نه‌ی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیک له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ قبووڵ ناکرێت که‌ ئه‌مه‌ش بۆچوونی تورکیا، بۆچوونی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ به‌تایبه‌ت بۆچوونی خه‌ڵکی کوردی سووریایه‌.

سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا جه‌ختی کرده‌وه‌: ده‌سه‌ڵاتدارێتیی PYD له‌ باکووری سووریا قبووڵ ناکرێت و ڕه‌فتارێکی هه‌ڵه‌یه‌ و زوڵم له‌ خه‌ڵکی کورد ده‌کات.

ئیبراهیم برۆ ئاماژه‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا ده‌کات و ڕوونی کرده‌وه‌: ئه‌مریکا تاکوو ئێستا هیچ کارێکی بۆ پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ ئه‌نجام نه‌داوه‌ و به‌ڵێنێکی له‌وباره‌وه‌ به‌وان نه‌داوه‌.

ناوبراو وه‌بیریشی هێنایه‌وه‌: هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ و ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا پێگه‌یێکی تایبه‌تی له‌ داهاتووی سووریادا هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێننه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ تێکڕای ئیتنیکه‌کانی باکووری سووریا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییێکی قبووڵ‌کراو له‌و ناوچانه‌ دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا پڕۆسه‌ی سیاسیی سووریا ته‌واو ببێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51004

Your Comment

You are replying to: .
captcha