دوورنواڕ و ڕه‌هه‌ندی ڕکابه‌رییه‌ سیاسییه‌کانی نێوان نێچیرڤان و مه‌سروور له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- که‌مال ڕه‌ئووف شرۆڤه‌کاری سیاسی و سه‌رنووسه‌ری ئاژانسی شارپرێس له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ڕای‌گه‌یاند: هه‌تاکوو مه‌سعوود بارزانی له‌ حه‌یاتدا بێت و له‌ ژیانی سیاسیدا بێت ناهێڵێت به‌رکه‌وتنه‌کانی نێوان مه‌سروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی به‌و ئاسته‌ بێت که‌ ته‌فرقه‌ دروست ببێت به‌ڵام پارتی دیموکرات پاش مه‌سعوود بارزانی تووشی دووبه‌ره‌کی و ده‌رکه‌وتنی ناکۆکی له‌ نێوان دوو ئامۆزادا ده‌بێت.

کوردپرێس: له‌ سه‌رده‌می پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی 2017 که‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی بێ‌ڕکابه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان پاش 40 ساڵ تووشی گۆشه‌گیری سیاسی بوو ژماره‌یێک له‌ سه‌رکرده‌کانی پارتی ڕایان‌گه‌یاند ناوبراو خه‌ریکی داڕشتنی ستراتێژیی حیزبییه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو. ده‌ستکه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2018 بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ستراتێژییێکی جیاواز له‌ چاو ڕابردوودا له‌لایه‌ن سه‌رۆکی ئه‌و حیزبه‌ بگیردرێته‌به‌ر به‌ چه‌شنێک که‌ هۆکاری جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ڕێگای سه‌فه‌ری به‌غدای گرته‌به‌ر. سه‌ردانێک که‌ تێیدا دیارترین یاوه‌ری مه‌سروور بارزانی کوڕی گه‌وره‌ی بوو. که‌سایه‌تییێکی گه‌نج که‌ زیاتر له‌ هه‌موو شتێک سیاسه‌ت به‌ شێوه‌ و ستایلی باوکی خۆی قبووڵ ده‌کات. ئه‌م سه‌ردانه‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ بڕیاری سه‌رۆک بۆ کاندیدکردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت و هه‌روه‌ها دیاری‌کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ وه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم که‌ ئه‌وه‌ش پیشانده‌ری جێبه‌جێ کردنی پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌کانی سه‌رۆکی پارتییه‌ بۆ داهاتووی حیزبه‌که‌ی و دانانی به‌ره‌یێکی نوێ له‌ سه‌رکرده‌کانی بنه‌ماڵه‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی بارزانییه‌کاندا. ستراتێژیی دانانی به‌ره‌ی نوێ ڕێوشوێنێکه‌ له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و دیسیپلینی ناوخۆییی حیزبه‌که‌ی. ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییێکه‌ که‌ پارتی دیموکراتی کوردستانی جیاواز کردۆته‌وه‌ له‌ دیکه‌ی حیزبه‌ به‌ناوبانگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ تووشی دووبه‌ره‌کی و کێشه‌ی ناوخۆیی بوونه‌ته‌وه‌. له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌ی که‌ جێی پرسیاره‌ بۆ چاودێران، گۆڕانکارییه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت ئاینده‌ی ڕکابه‌ریی سیاسی له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانییه‌.

کوردپرێس له‌ دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لدا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ که‌مال ڕه‌ئووف شرۆڤه‌کاری سیاسی و سه‌رنووسه‌ری ئاژانسی شارپرێس کردوووه‌ و پرسیاری له‌سه‌ر ڕاوبۆچوونی ناوبراو له‌باره‌ی کاندید کردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم کردوووه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کان که‌ باسیان له‌ مانه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌کرد پارتی دیموکراتی کوردستان مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ ڕاسپاردوووه‌. ئێوه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چ له‌ ڕووی پرسه‌ ناوخۆیییه‌کانی پارتی و چ له‌ ڕووی دۆخی سیاسیی هه‌رێمه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: له‌ ڕاستیدا کاندید کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆکی حکوومه‌ت جۆرێک له‌ موفاجعه‌ی تێیدا بوووه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان و بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش جۆرێک موفاجعه‌ی تێدا بوو چوونکه‌ پێشتر ڕاگه‌یێندرابوو که‌ نێچیرڤان بارزانی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌گرێته‌وه‌ ده‌ست و تا خولی یه‌که‌می گفتوگۆکانیش ته‌قریبه‌ن له‌ زاری سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕاگه‌یێندرا بۆیه‌ جۆرێک له‌ جووڵه‌ی سیاسی دروست کردوووه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌م جووڵه‌ سیاسییه‌ دوای ئه‌وه‌ هات که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی پۆستێکی‌تریش هات پرسی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمیشی داخلی گفتوگۆکان کرد و به‌ بێ ڕاوێژکردن و گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ کاندیدی خۆی وه‌کوو نێچیرڤان بارزانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ش دانا. ئه‌مه‌ گفتوگۆکانی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت به‌ جۆرێک قورستر کرد و ئاڵۆزییێکی گه‌وره‌تری دروست کرد و ده‌توانم بڵێم هه‌م له‌سه‌ر گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت کاریگه‌ری هه‌بوووه‌ هه‌م له‌ ناو خودی پارتیشدا جۆرێک سه‌ره‌خولێ بۆ کادر و ئه‌ندامان دروست کردوووه‌.

کوردپرێس: وه‌ک هه‌ندێک له‌ چاودێرانی سیاسی باسی لێده‌که‌ن ڕاسپاردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت و کاندید کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ بۆنه‌ی ڕکابه‌ری ناوخۆی پارتی دیموکراته‌. ڕای ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: من پێموانییه‌ له‌ نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا به‌و شێوه‌یه‌ ڕکابه‌ری هه‌بێت به‌ڵام ڕای جیاواز و مه‌سالحی جیاوازیان هه‌یه‌ و ئه‌و مه‌سالحه‌ جیاوازانه‌ش ده‌کرێته‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌. جه‌مسه‌ری مه‌سروور بارزانی و جه‌مسه‌ری نێچیرڤان بارزانی که‌ هه‌ردوولایان دوو ستافیان هه‌یه‌ و هه‌ردوولایان پێشتر ئاماده‌ نه‌بوون که‌ ئیلتیزام بکه‌ن به‌ یه‌کتر و که‌سیان که‌سیانی به‌ به‌رپرسیار نه‌زانیوه‌ بۆ نموونه‌ که ئه‌و‌ به‌رپرسی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان بوووه‌ داوای له‌ باوکی کردوووه‌ که‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوکی هه‌بێت و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکوومه‌ت نه‌بێت وه‌ک پۆستێکی وه‌زاری جیاوازی هه‌بێت به‌ڵام پێوه‌ندی به‌ باوکییه‌وه‌ هه‌بێت نه‌ک به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ت بوووه و ئه‌و‌ ته‌نها که‌س بوو که‌ ئه‌و شته‌ی بۆ جێبه‌جێ کراوه‌. ئه‌گه‌ر ئاوه‌ڕی لێبده‌ینه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رپرس و دیپلۆماتکاره‌ بیانییانه‌ی که‌ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن هه‌ر که‌سیان که‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی کۆ بوووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانیش دیداری هه‌بوووه‌. هه‌ر له‌ بۆنه‌کاندا ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین نێچیرڤان بارزانی که‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ته‌ پیرۆزبایی ده‌کات به‌ڵام مه‌سروور بارزانییش بۆ خۆی به‌ جیا پیرۆزبایی ده‌کات. ئه‌مه‌ جۆرێک له‌ جیاکارییه‌ و جۆرێک له‌ خۆته‌سلیم نه‌کردنه‌ به‌ ئه‌مری واقیعی نێچیرڤان بارزانی وه‌کوو سه‌رۆکی حکوومه‌ت چوونکه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ شه‌ڕه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نییه‌ شه‌ڕه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوایی کێ پۆستی به‌رپرسی باڵا یان پۆستی یه‌که‌می پارتی دیموکراتی کوردستانی ده‌ست ده‌که‌وێت.

کوردپرێس: ئاسۆی ئه‌م دوو جه‌مسه‌رییه به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران له‌لایه‌ن مه‌سروور بارزانییه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگیردرێت و نێچیرڤان بارزانی ببێته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم‌ چۆن ده‌بینن؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که‌ کاک مه‌سعوود له‌ ژیاندا بێت مۆڵه‌ت نادات ئه‌و ئاڵۆزییه‌ به‌و شێوه‌ ده‌ربکه‌وێت به‌ڵام له‌ دوای کاک مه‌سعوود ئاڵۆزییه‌کان سه‌رهه‌ڵدێنن و فاسله‌ی نێوانیان زیاتر ده‌بێت چوونکه‌ کاک مه‌سعوود بۆ خۆی سه‌نته‌ره‌ و تا ڕاده‌یێکیش ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ڕاگرتوووه‌. ڕاسته‌ که‌ مه‌سروور بارزانی کوڕیه‌تی به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ده‌سه‌ڵاته‌کانی نێچیرڤان بارزانی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا که‌م نه‌بوووه‌ که‌ مه‌سعوود بارزانی پێ به‌خشیوه‌. ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ ئه‌و کاته‌ی ده‌رده‌که‌وێت نێچیرڤان بارزانی که‌ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت هه‌ندێک ئیش و کار بکات که‌ ڕه‌نگه‌ مه‌سروور بارزانی لێی نیگه‌ران بێت چوونکه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت که‌ سه‌ڵاحییه‌ته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم که‌ ئه‌درێته‌ ده‌ستی نێچیرڤان بارزانی که‌می بکه‌نه‌وه‌ و به‌شێکی زۆری بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکی حکوومه‌ت. له‌ کاتی کارکردنیاندا ڕه‌نگه‌ ئه‌م دوو که‌سه‌ لێککه‌وتنیان هه‌بێت به‌ڵام هه‌تاکوو مه‌سعوود بارزانی له‌ حه‌یاتدا بێت و له‌ ژیانی سیاسیدا بێت ناهێڵێت به‌رکه‌وتنه‌کان به‌و ئاسته‌ بێت که‌ ته‌فرقه‌ دروست ببێت. ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌یێک زیاتر له‌ مه‌سعوود بارزانی بچێته‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ و چۆن گه‌نجه‌ و ده‌توانێت جووڵه‌کانی ببێته‌ هۆکاری نیگه‌رانیی مه‌سروور بارزانی چوونکه‌ ئه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی که‌م ده‌کاته‌وه‌.

کوردپرێس: له‌م قۆناغه‌دا و به‌عه‌کسی ڕابردوو ده‌بینین که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان زیاتر نه‌رمی ده‌نوێنن و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ 5 ساڵی ڕابردوودا به‌ جۆرێک ئه‌و دوو حیزبه‌ به‌ره‌ی نه‌یاری پارتی بوون. هۆکاری ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ به‌ چی ده‌زانن؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: من پێم وانییه‌ یه‌کێتی و پارتی داوای کاراکردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمیان کردبێت چوونکه‌ ئێستا که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم نییه‌ هه‌رێمی کوردستان هیچ کێشه‌یێکی نییه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌و وه‌عده‌یه‌ی به‌ گۆڕان دابێت که‌ پێشتر گۆڕان داوای ئه‌وه‌ی کردوووه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت بۆی جێبه‌جێ بکات. گۆڕان جۆرێک به‌وه‌ی دڵخۆشه‌ که‌ به‌رنامه‌که‌ی و پڕۆژه‌که‌ی سه‌رکه‌وتوووه‌ و توانیویه‌تی ئه‌و شته‌ بسه‌پێنێت به‌ سه‌ر حکوومه‌ت و ئیداره‌ی ئه‌م وڵاته‌دا که‌ من پێموایه‌ ئه‌مه‌ پێوه‌ندیی به‌ کێشه‌کانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ بێت که‌ پارتی گوێ له‌ گۆڕان گرتبێت. بۆ یه‌کێتییش، یه‌کێتییه‌کان داوایان نه‌کردوووه‌ و پێیان وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆسته‌ ته‌عامولیان هه‌بێت پارتی دیموکراتیش مه‌جبوور ده‌بێت که‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ فه‌رمی بناسێت چوونکه‌ تا ئه‌م کاته‌ش پارتی ئیعترافی به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری به‌رهه‌م ساڵح نه‌کردوووه‌ و بۆ کاندیده‌که‌ی یه‌کێتیی نیشتیمانی کێشه‌ی دروست کردوووه.

باس کردن له‌ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا پێوه‌ندیی به‌ دوو شته‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان نیگه‌رانه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆکی کۆمار له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ که‌ پیاوێکی ئه‌کتیڤه‌ و ئه‌توانێت کار بکات. پارتی پێی وایه‌ به‌ جۆرێک ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌بێت مه‌رجه‌عییه‌تی کورد له‌ پۆسته‌ باڵاکاندا ده‌چێته‌ ده‌ست یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی به‌ موسته‌حه‌قی ئه‌و پۆسته‌ ده‌زانێت و کاتی خۆشی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆیه‌ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ پارتی پێی وابوو که‌ سه‌د له‌سه‌د پۆستی سه‌رۆک کۆمار هی ئه‌وانه‌. ئێستا که‌ پارتی ئه‌م پۆسته‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و له‌ کێبه‌رکێی ناو په‌رله‌مانی عێراقدا دۆڕاندوویانه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن که‌ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌کتیڤ بکه‌نه‌وه‌ و وابکه‌ن که‌ پێگه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ ناو موعادیله‌کاندا که‌متر ده‌ربکه‌وێت و به‌ هه‌مان شێوه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی هه‌بێت له‌ قه‌زیه‌کاندا وه‌کوو پرسی کورد و قه‌زیه‌ ستراتێژییه‌کانی کوردستان.

کوردپرێس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی که‌ بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت له‌ سلێمانی و هه‌ولێر به‌ڕێوه ‌چوووه‌ ئاسۆی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: ئێستا یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان که‌ تا ڕاده‌یێک لایه‌نێکی گفتوگۆکانه‌ ده‌یه‌وێت به‌ حه‌قی 21 کورسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکرێت به‌ڵکوو پێی وایه‌ که‌ ئه‌وان پێگه‌ و نفووزیان هه‌یه‌. ئه‌وان شه‌ریک بوون له‌ شه‌ڕی داعش و شه‌ریک بوون له‌ پێکهێنانی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و له‌ 28 ساڵی ڕابردووشدا شه‌ریکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئه‌وه‌ی که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکوومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا بوونی هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان نه‌رمی بنوێنێت. ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌زانێت که‌ ئه‌گه‌ر به‌ بێ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان حکوومه‌ت پێکبهێنێت ئه‌وه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نییه‌ به‌ڵکوو حکوومه‌تی هه‌ولێر و دهۆک ده‌بێت که‌ ئه‌مه‌ش سابقه‌ی هه‌یه‌. پێشتر له‌ هه‌رێمی کوردستان حکوومه‌تی دوو ئیداره‌یی بوووه‌. من پێموایه‌ هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی که‌ پارتی ده‌یهه‌وێت واتا پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم، پۆستی سه‌رۆکی حکوومه‌ت، پۆستی ئاژانسی ئه‌من و ئاسایش که‌ بڕیاره‌ بدرێته‌ ده‌ست کوڕێکی‌تری بارزانی و له‌ هه‌مان کاتیشدا که‌ زۆرینه‌یان له‌ په‌رله‌ماندا هێناوه‌ داوای جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش ده‌کات و من پێموایه‌ ئه‌مه‌ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ناچێته‌ سه‌ر.

کوردپرێس: تا چ ڕاده‌یێک هه‌وڵه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ به‌شداری‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ مه‌به‌ستی قۆستنه‌وه‌ بوووه‌ له‌ دووبه‌ره‌کیی سیاسی له‌ سلێمانی و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتیمانی؟

که‌ماڵ ڕه‌ئووف: پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردوووه‌ و هێزه‌کانی دیکه‌یش دیاره‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ چه‌شنێکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر حیزبێک له‌ به‌ره‌ی ئه‌واندا نه‌بێت وه‌کوو دوژمن چاوی لێده‌که‌ن. ته‌عامول له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن دژواره‌ و ته‌عامولێکی دوژمنانه‌یه‌. پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ باشی له‌ ناکۆکیی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ تایبه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان تێگه‌یشتوووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که‌ ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌یانویست له‌گه‌ڵ یه‌کتر ڕێکبکه‌ون ئه‌وه‌ پارتی بوو که‌ له‌گه‌ڵیاندا تووشی کێشه‌ بوو. پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی هه‌رێمدا دوو کورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆیه‌ بۆ پاراستنی پێگه‌ی سیاسیی خۆی له‌ سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌یه‌وێت حزبه‌کانی دیکه‌ له‌گه‌ڵ خۆی هاوڕا بکات. پێشتر ئه‌و ته‌عاموله‌ی له‌گه‌ڵ حزبی سۆسیالیست و یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا بوووه‌. ئێستاش ده‌یه‌وێت پێوه‌ندی و ته‌عامول له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست بکات تا پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز بپارێزێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50961

Your Comment

You are replying to: .
captcha