به‌شی پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ی عێراق دیاری ده‌كرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ حکوومه‌تی عێراق پێشنیازی کردوووه‌ ڕێژه‌ی له‌ 14% تا 17%ی کۆی گشتیی بودجه‌ی ته‌رخانکراو بۆ هێزه‌ وشکانییه‌کانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بدرێته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردستان، ناسر هه‌ركی په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: "به‌غدا ڕازی بوووه‌ جێگه‌ی به‌ندێکی تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بكرێته‌وه‌."

له‌لایێكی دیكه‌وه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پرسه‌دا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌: "عێراق چاوه‌ڕێی دانانی وه‌زیری به‌رگری و کوردستانیش چاوه‌ڕێی حکوومه‌تی نوێیه‌ تا گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌."

لای خۆشیه‌وه‌ جه‌بار یاوه‌ر بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: "تا ئێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگیێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ نه‌كراوه‌ به‌ڵام چاوه‌ڕێی ڕاگه‌یاندنی ته‌واوی په‌یكه‌ری حكوومه‌تی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ین."

شایانی باسه‌؛ بودجه‌ تاقیکردنه‌وه‌یێکی قورسه‌ له ‌به‌رده‌م کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی چوونكه‌ چیتر به‌غدای سه‌رده‌می عه‌بادی نییه‌ و بۆ له‌مه‌دوا له ‌چاوی عێراقدا هه‌ولێر هاوبه‌شێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50885

Your Comment

You are replying to: .
captcha