لە ئێستادا یەکێتیی نیشتمانی لە خاڵی بەهێزدایە و پارتی دیموکرات لە خاڵی لاوازە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "یەکێتی قۆناغە قورسەکانی بڕی و ئێستا لە خاڵی بەهێزدایە، پارتی لە خاڵی لاوازە،.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند: داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە بەرهەم ئەحمەد ساڵح کاندیدەکەی ئێمە کە ئەزموونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە، یاخود پارتی داوای ئەوە دەکات کە یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت یەکێتی هیچ کاندیدێکی تری نیـیە تازە هەر بەرهەم کاندیدی ئێمەیە.

ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت " ئێمە هەموومان دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کەسێکی بێ لایەن نیـیە بڕیارەکانی بە لایەنگری دەدات، هەتا کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن نایاسایی بوو، وای بۆ دەچم لەم ڕۆژانەی ئایندەدا دادگای فیدراڵیش بڕیار لە بارەی ئەو بڕیارەوە بدات، چونکە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ باسم خەشان تانەی لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەردەم دادگای فیدراڵی داوە، وە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش بۆ (ئیستفسار) ئەوە بکات(پرسیار لە دادگای فیدراڵی بکات لەسەر دەستوری بون یان نادەستوریبوونی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن جارێکی تر)، بەڵام دادگای فیدراڵی بێگومان وەڵامی دەبێت بۆ تانەی ئەو پەرلەمانتارە."

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتیشی: "یەکێتی نیشتمانی کوردستان قۆناغە قورسەکانی تێپەڕاند، دوێنێ کە کۆتا ڕۆژ بوو پارتی خۆی ڕایگەیاند، کاندیدی تریان نیـیە بۆ ئەو پۆستە باشترە بێن بە یەک کاندید بچینە پەرلەمان و دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی بدەن، من دەڵێم پارتی دەبێت وابکات، چونکە دەنگ بە کێ دەدات؟ ئەوان ئێستا لە خاڵی لاوازیدان و یەکێتی لە خاڵی بەهێزیدایە، چونکە پارتی کاندیدەکەی لەبەر گەندەڵی دەرکراوە بۆیە باشترە بۆ خۆیان بێن دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن."

ڕێزان شێخ دلێر جەختی کردەوە " یەکێتی کاندیدەکەی خۆی ناگۆڕێت، وتی: " کاندید بۆ بگۆڕین، هەر نامەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەم، چونکە خۆ کاندیدی ئێمە نیـیە بە تۆمەتی گەندەڵی دەرکرابێت، لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسیەوە سکاڵا لەسەر کاندیدی ئێمە تۆمارنەکراوە کە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا بڵێن پێشێلی دەستوری کردووە، هەتا ڕەنگە وەک یەکێتی ئێمە لە کاتی خۆیدا گـللەیی ئەوەشمان لێکردبێت کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەوەندەی گرنگی داوە بە لایەنە سیاسیەکانی تر نەهاتووە ئەوەندە گرنگی بدات بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان."

ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی: "یەکێتی نیشتمانی لە خاڵی بەهێزدایە و ئێمە نین کە یەکڕیزی کوردمان تێکدابێت، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئەزمونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە، یاخود پارتی داوای ئەوە دەکات کە یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت یەکێتی هیچ کاندیدێکی تری نیـیە تازە هەر د. بەرهەم کاندیدی ئێمەیە. "

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدی سەرۆک کۆمار، زێباری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕایگەیاند "ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردین ئەوە بوو کە هاوپەیمانەکانمان ڕۆڵیان هەبوو لەو بڕیارەی دادگا، بەبڕوای بەشێک لە چاودێران ئەم وتەی زێباری بە واتای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر بوو لەلایەن سێ پەرلەمانتاری یەکێتیەوە کە بووە هۆی بڕیارەکەی دادگا."

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت: "بەداخەوە هەموو لایەنە سیاسیەکان بێدەنگ بوون لەوەی کەسێک بکرێتە سەرۆک کۆمار کە پێشتر لە پەرلەمانەوە ئیقالە کرابوو، بە تەنها یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و مافی خۆشمان بوو، لەبەر ئەوە ئێستا وەک حزبێکی بەهێز مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا دەکات."

بەڵام ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت " ئەوان(پارتی) حەیای کوردییان برد، چونکە ئەوان هەستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی دەرەوەی کورد و بەشێک لە شیعەکان ویستیان کەسێک بکەن بە سەرۆک کۆمار کە پێشتر لەسەر گەندەڵی ئیقالە کرابوو. "

بە بڕوای ڕێزان شێخ دلێر"زۆر لە لایەنە عێراقییەکان دەنگ بە بەرهەم دەدەن بۆ سەرۆک کۆماری چوونکە "ئەگەر وا نەبووایە ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە پێکەوە دەهاتنە دەنگ و ئەسڵەن کاریان دەکردە سەر دادگا چونکە هەموویان خاوەنی هێز و ئەندام بوون لەو دادگایە، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتی بە یاسایی کارەکانی کردووە بۆیە ئێمە توانیومانە بەرگری لە حزبەکەمان بکەین وە بەرگریش لەو کەسە بکەین کە کاندیدمان کردووە بۆ سەرۆک کۆمار هەتا دوا ساتیش بەم شێوەیە کاردەکەین".

News Code 5086

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha