تورکیا وەڵامی بۆڵتۆن دەداتەوە کە داوای پاراستنی گیانی کوردی سووریای کردبوو

وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن وەڵامی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی ئه‌مریكاى دایەوە و رایگەیاند: پروپاگەندەى کردنە ئامانجى کوردەکانى سووریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە.

کوردپرێس:

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسرائیل رایگەیاندبوو: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتایی­هێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و هەروەها دڵنیاییی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سووریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان"، ئەوان گه‌ره‌نتی له‌ توركیا وه‌رده‌گرن و نایانه‌وێت دوای کشانەوەی هێزەکانیان توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات و پێویسته‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ واشنتۆن بكه‌ن.

لە بەرامبەردا وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راشیگەیاندووە: پروپاگەندەى کردنە ئامانجى کوردەکانى سووریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە. ئامانجی تورکیا پاراستنی ئەو کوردانەیە کە سەر بە پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە نین و رووبەڕووی ستەم دەبنەوە.

بە وتەى کاڵن، ئامانجی تورکیا لەناوبردنی گشت رێکخراوە تیرۆریستییەکانە لە سووریا و پاراستنی یەکپارچەییی خاکی سووریا و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و دەستەبەرکردنی ئەو مەرجانەیە کە پێویستن بۆ دووبارە گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆ سووریا.

هەر بە وتەی کاڵن "پەیەدە/ یەپەگە" کە لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش جووڵە دەکەن، باڵی پەکەکەیە لە سووریا و نوێنەرایەتیی کوردەکانی سووریا ناکات".

ئەم وتانەى وتەبێژى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا لەکاتێکدایە کە هەتا ئێستا لەلایەن پەیەدەوە هیچ هێرشێکى سەربازى لەنێو خاکى سووریاوە نەکراوەتە سەر تورکیا، بەڵام تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکانى سووریا و بە تیرۆریست و بەشێک لە پەکەکە ناویان دەبات.

News Code 50837

Your Comment

You are replying to: .
captcha