کوردپرێس:
"عیماد برهۆ" ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و ڕایگەیاندووە ئەمریکا لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین لێدوان و پەیامی تویەتەریی لەبارەی کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا دەکردووە و لە ئەنجامیشدا بەهۆی ئەو گوشارانەی بەرپرسانی ئەمریکا خستیانە سەری ڕایگەیاند کە لە ئێستادا لە سووریا ناکشێنەوە بەڵام پاش شکستدانی بەتەواوەتیی داعش لە سووریا دەکشێنەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا گوتیشی: ئەمریکا وتوویەتی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا دەباتە دەرەوە بەڵام لەبارەی دەزگا و ڕێمخراوە ئەمریکییەکانەوە هیچی نەوتووە و سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا 15 بنکەی سەربازیی لە سووریا هەیە و بەو نیگەرانییەوە کە ئەمریکا لە بوونی ئێران و سووریا هەیەتی لە ئێستادا بەنیاز لە خاکی سووریا بکشێتەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: پێ دەچێت ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا کەم بکاتەوە بەڵام بەگشتی ستراتێژییەتی ئەمریکا ئەوە نییە کە بیهەوێت لە سووریا بەتەواوەتی بکشێتەوە و بە هەمان شێوەی عێراق و ئەفغانستان لە سووریاش دەمێنێتەوە.
عیماد برهۆ گوتیشی: ڕووسیاش ڕایگەیاندووە کە بڕوای بە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا نییە.
ناوبراو زیادیشی کرد: پێنتاگۆن لەو قەناعەتەدایە کە دەبێت لە سووریا بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانی لە دەیرەزوور سەرقاڵی شەڕی داعشن و ئەوەش کارتێکەر بووە لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ مانەوەی ئەمریکا لە خاکی سووریا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ئاماژەی بە سەردانەکەی جان بۆڵتۆن بۆ تورکیاش کرد و وتی: ئەو سەردانە زۆر گرینگ دەبێت و پێ دەچێت بۆڵتۆن لەو سەردانەدا بیهەوێت ئەنقەرە ڕازی بکات کە دژ بە کوردی سووریا هەڵمەتی سەربازی ئەنجام نەدات و لێدوانەکەی ترەمپ و پۆمیۆش هەمان تەوەری دەگرتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە ڕوانگەی ئەمریکا لەبارەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەمریکا کۆمەڵێک ئەڵتەرناتیڤی هەیە کە دەتوانێت بەو ئەڵتەرناتیڤانە ڕێگری بکات لە هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا و یەک لەو بەدیلانە کە ئەمریکا هەیەتی جێگیرکردنی لەشکری پێشمەرگەی "ڕۆژ"ە کە فەرمان لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە وەردەگرێت. تورکیا بەردەوام وتوویەتی یەپەگە و پەکەکە یەک شتن و ئەگەر بێتوو ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە لەشکری ڕۆژ دەتوانێت لەو ناوچە کوردنشینانەدا جێگیر بکرێت و ببێتە جیاکەرەوەی نێوان یەپەگە و سوپای تورکیا.
Your Comment