فازڵ میرانی: هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی به‌هێز درێژه‌یان ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌گه‌ڵ كۆنسووڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداریدا فازڵ میرانی ڕایگه‌یاند: هه‌وڵه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌تری هه‌رێم بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نوێی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ خزمه‌ت خه‌ڵكی كوردستاندا بێت، به‌رده‌وامن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 5ی کانوونی دووهه‌می 2019 له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی له‌ ستێڤ ڤیگن كۆنسووڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و جێگری كۆنسووڵی سیلڤیا بۆ كاروباری بازرگانی كرد.

فازڵ میرانی وێڕای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان سه‌ری ساڵی نوێی لێیان پیرۆز كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كاره‌كانیدا و هیوایشی خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا په‌ره‌یان پێ بدرێت.

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی له‌م دیداره‌دا ئاماژه‌ی به‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و پێشهاته‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق كرد و گوتی: "له‌ لای ئێمه‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ره‌وشی كه‌ركووک گرینگه‌ و هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كان و هه‌وڵه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌تری هه‌رێم بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نوێی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ خزمه‌ت خه‌ڵكی كوردستاندا بێت به‌رده‌وامن و له‌م پێناوه‌دا گفتۆگۆكان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنێكی گونجاو درێژه‌یان ده‌بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا میرانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پڕۆسه‌یێكی سه‌ركه‌وتووی دیموكراتی بوو، پارتی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ ده‌ست هێنا به‌ڵام لای پارتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سه‌قامگیریی ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێش هه‌ر پله‌ و پۆستێک یا ده‌ستكه‌وتێكدایه‌ و ڕاشیگه‌یاند: "لای ئێمه‌ ئیستیحقاقی ئینتخابی گرینگه‌ به‌ڵام نه‌ک به‌ فیفتی به‌ فیفتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیدا چوونكه‌ ئه‌زموونی ساڵانی ڕابردوو سه‌لماندی كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو به‌ڵام پارتی ڕه‌چاوی مێژوو و سه‌نگی یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌كات."

له‌ لای خۆیه‌وه‌ ستیڤ ڤیگن كۆنسووڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا سوپاسی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ و هیوای خواست به‌ زووترین كات حكوومه‌تی نوێی كوردستان پێک بهێنرێت كه‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لی كوردستاندا بێت و گوتیشی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوانمان بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی."

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50795

Your Comment

You are replying to: .
captcha