جه‌یمس جێفری جێگه‌ی برێت مه‌کگۆرک ده‌گرێته‌وه‌

به‌شی جیهان- دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی برێت مه‌كگۆرک نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سووریا، جه‌یمس جێفری وه‌ک نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش دامه‌زرێندرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ جه‌یمس جێفری جێگه‌ی مه‌کگۆرگ پڕ ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ کۆتا ڕۆژه‌کانی ساڵی 2018 ده‌ستی له‌کار کێشایه‌وه‌.

ماكگۆرک كه‌ له‌لایه‌ن باراک ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكاوه‌ دیاریی كرابوو، له‌ 21ی كانوونی یه‌كه‌می ڕابردوو و ‌پاش بڕیاره‌ له‌ناكاوه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆسته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند.

جه‌یمس جێفری چه‌ند مانگ پێش ئێستا پۆستی نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا له‌ کاروباری سووریای وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو.

هه‌ندێک له‌ شرۆڤه‌کاران ده‌ڵێین که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا جه‌یمس جێفریش وه‌ک وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا و برێت مه‌کگۆرک ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ده‌ستی له‌کار نه‌کێشایه‌وه‌ به‌ڵکوو ئه‌رکێکی نوێ هاوپه‌یوه‌ند به‌ هاوپه‌یمانان و سووریای وه‌ئه‌ستۆ گرتوووه‌.

ڕۆبێرت پالادینۆ گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ جه‌یمس جێفری ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له ‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

پاڵادینۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ که‌ جێفری له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی تایبه‌تی سووریاش به‌رده‌وام ده‌بێت و نووسیویه‌تی: "جه‌یمس جێفری په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا بۆ له‌ناوبردنی داعش له‌ سووریا و عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ده‌سته‌به‌ری جێبه‌جێ كردنی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ سووریا ده‌بێت".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند که‌ به‌رنامه‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌پێناو ئامانجه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا و عێراقه‌ به‌ تایبه‌ت شکستپێهێنانی داعش.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50764

Your Comment

You are replying to: .
captcha