هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات: کار بۆ ئازاد کردنی عەفرین دەکەین

بەشی سووریا- ئەمینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا ڕووداوەکانی ساڵی 2018ی سووریای باس کردووە و وتوویەتی: داگیرکرانی عەفرین لای ئێمە قبووڵکراو نییە و ئەولەوییەتی ئێمە لە کارەکانماندا ئازادکردنی عەفرینە.

کوردپرێس:

ئەمینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ساڵی 2018 لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسیی گرینگ ڕوویان داوە کە مژدەبەخشی دوورنواڕی گەش بۆ خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی خەڵکی سووریایە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ساڵی 2018 دامەزرا و یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ داهاتووی سووریا و تاکە ئەڵتەرناتیڤە بۆ وەڵامدانەوەی ململانێکانی نێوخۆی سووریا. ئەو پڕۆژەیە لە 32 لە سەدی خاکی سووریا جێبەجێ کراوە و هەوڵ دەدەین کاری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری سووریا جێبەجێ بکرێت.

ئەمینە عومەر گوتیشی: ڕووسیا بەردەوامە لە پشتگیری کردنی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بەڵام بەگشتی هەموو ئەو وڵاتانەی لە خاکی سووریان موتابەعەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئاماژەی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئەمریکا سێ خاڵی سەرەکی دەکاتە پاساو بۆ مەشرووع بوونی هێزە سەربازییەکانی لە سووریا: شەڕی داعش و ڕێگری کردن لە دەسەڵاتی ئێران و دەستەبەرکردنی دەرەچەیێکی سیاسی بۆ داهاتووی سووریا. بەڵام ئێستا ئەمریکا بەنیازە سیاسەتێکی نوێ دابڕێژێتەوە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە: داگیرکرانی عەفرین لای ئێمە قبووڵکراو نییە و ئەرکی سەرەکیی سەرشانی ئێمەش ئازادکردنی عەفرینە. خەڵکی ئێمە ساڵی 2018 عەفرینیان لێ داگیر کرا و ئاوارە کران و ئێستا لە کەمپی ئاوارەکان لە دۆخێکی دژواردا دەژین.

News Code 50685

Your Comment

You are replying to: .
captcha