عادل عەبدولمەهدی دیسان هەوڵ دەدات پاساو بۆ سەردانە نافەرمییەکەی ترەمپ بهێنێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، مەرجیان بۆ سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبووە.

کوردپرێس:

رۆژی 26ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ بە سەردانێکی نهێنی و رانەگەیێندراو هاتە عێراق و چاوی بە هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەکەوت، تاوەکوو نەگەڕایەوە سەردانەکەشی لە میدیاکاندا ئاشکرا نەبوو.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 30-12-2018 لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا، عادل عەبدولمەهدی باسی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ عێراق کرد و رایگەیاند "لایەنی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکە ئاگاداریان کردینەوە، بەڵام مەرجی ئێمە بریتی بوو لەوەی سەردانەکە هەم فەرمی بێت و پێشوازیی لێبکرێت، هەمیش بەپێی خشتەیێکی دیاریکراویش بێت".

بەگوتەی عادل عەبدولمەهدی، بەیانیی هەمان ئەو رۆژەی دۆناڵد ترەمپ سەردانەکەی ئەنجام داوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی حکوومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە ترەمپ دەیەوێ سەردانی عێراق بکات، بەغداش پێشوازیی لەو هەنگاوە کردووە، بەڵام دوو مەرجیان هەبووە.

لەبارەی مەرجەکان، عادل عەبدولمەهدی گوتی "یەکەم سەردانەکە بۆ خاکی عێراق بێت و پێشوازییەکەشی عێراقییانە بێت هاوشێوەی پێشوازیی هەر سەرۆکێکی دیکەی بیانی. دووهەمیش دیاریکردنی کارنامە و پرسەکانی سەردانەکە چوونکە سەردانەکە کورت و دیدارەکە ماوەیێکی کورت دەخایەنێت، بوار بە چارەسەرکردنی زۆر لە پرسەکان نادات. لایەنی ئەمریکی لەو بارەوە ڕازی بوون. بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ پەیوەندییان کرد و زانیمان کە سەرۆکی ئەمریکا بنکە سەربازییەکە بەجێ ناهێڵێت، ئێمەش پێمان­گووتن ئەوە ناکرێ کە سەرۆکوەزیران و شاندی یاوەری بچنە سەربازگەکە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دروست ئەوەیە سەرۆک سەردان بکات و وەک وڵاتێکی دۆست پێشوازیی لێبکەین. لایەنی ئەمریکی باسیان لەوەکرد، رێوشوێنەکان لە واشنتنەوە رێکخراون و سەختە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و دیداری دووقۆڵیی تێدا نییە، لەجێگەی ئەوە پێشنیازی ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنییان کرد. ئەمە ئەوە بوو کە رووی دا".

دەربارەی بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراقدا نییە، بەڵکوو بنکەی سەربازیی ئەسەد بە هەموو شێوەیێک عێراقیییە بەڵام راوێژکاری ئەمریکی و بیانیی تێدایە.

News Code 50665

Your Comment

You are replying to: .
captcha