به‌شداری‌کردنی گۆڕان له‌ حکوومه‌ت په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆکی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆیێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و ڕای‌گه‌یاندوووه‌: تاکوو ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ساڵی 2009وه‌ به‌ره‌ودوا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌بوونی سیسته‌می په‌رله‌مانی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌ماندا ده‌کات و له‌ دانووستانه‌کانی ڕابردوودا هه‌ڵوێستی خۆی دووپات کردۆته‌وه‌ و پێداگریی له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌کات و هه‌وڵه‌کانی چڕ ده‌کاته‌وه‌ بۆ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه له‌ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێدا.‌

کوردپرێس: نزیک به‌ سێ مانگه‌ که‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌گوزه‌رێت به‌ڵام هێشتا حیزبه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ ده‌وڵه‌تی نوێ پێکبهێنن. پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک براوه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ له‌ 111 کورسیی په‌رله‌مان 45 کورسی مسۆگه‌ر کردوووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کان و جیا له‌ ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان وه‌ک هاوپه‌یمانێکی پێشووتری خۆی له‌پێناو دروست کردنی هاوسه‌نگیی نوێ و به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌شداری کردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌وڵه‌تی نوێ چڕ کردوووه‌ و دانووستانی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ ده‌ست پێکردوووه‌.

عه‌لی محه‌مه‌د ساڵح سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی داواکاری و یه‌که‌مایه‌تییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ دانووستان له‌گه‌ڵ دیکه‌ی حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێم ڕای‌گه‌یاند: تا ئێستا گفتوگۆیێکی ڕه‌سمی له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ته‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و ئێمه له‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌مدا‌ پێداگری ده‌که‌ین له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ بۆ سیسته‌می حوکم، ڕێکخستنه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌نجامدانی چاکسازیی دارایی و به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی نه‌وت و چاره‌سه‌رکردنی گیر و گرفته‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان. له‌ قۆناغی دواییدا ده‌چینه‌ سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانی هه‌ڵبژاردن و ورده‌کارییه‌کانی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێ و دوای ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌موو بڕیاره‌کان ده‌ده‌ینه‌وه‌ جڤات که‌ سه‌رکردایه‌تیی گۆڕانه‌ و ئه‌وان بڕیاری کۆتایی له‌باره‌ی به‌شداری کردن یان به‌شداری نه‌کردنی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و بابه‌ته‌ی که‌ ته‌نگه‌ژه‌ و ناکۆکیی نێوان گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستانی قووڵتر کرده‌وه‌ و له‌ کۆتاییدا ڕێگری له‌ چوونی یووسف گۆڕان سه‌رۆکی ئه‌وکاته‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌ولێر و ده‌رکردنی وه‌زیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌دواوه‌ بوو، موناقشه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ناوه‌ندی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و ده‌ره‌تانه‌کانی ئه‌و پۆسته‌ و چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پۆسته‌ بوو و دانووستانکاری باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌ت جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ دوو بابه‌تی ئاماژه‌پێکراو یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین میحوه‌ره‌کانی گفتوگۆ بوووه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ بێ هیچ جۆره‌ نه‌رمی نواندێک ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌ تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان خستۆته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

عه‌لی محه‌مه‌د ساڵح جه‌ختیشی کرده‌وه‌: ئێمه‌ پێشووتریش له‌ 2009وه‌ باوه‌ڕمان وا بوووه‌ که‌ بۆ دۆخی هه‌رێمی کوردستان باشترین خیار هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌مانه‌ و له‌ گفتوگۆکانیشدا باس له‌م بابه‌ته‌ ده‌کرێت و مه‌به‌ستمانه‌ هه‌م له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌م له‌سه‌ر ده‌ستووریش ڕێککه‌وتن بکرێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: تا ئێستا نه‌گه‌یشتووین به‌ نه‌تیجه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م کراوه‌ و کۆبوونه‌وه‌کانی دیکه‌ نه‌کراوه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا قه‌تحی بیروڕا و به‌رنامه‌ ده‌کرێت و گفتوگۆکان بۆ گه‌یشتن به‌ نه‌تیجه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌بوونی گه‌ره‌نتی بۆ دووپات نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی خولی پێشوو واتا ده‌رکردنی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و وه‌زیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حکوومه‌ت و داخرانی په‌رله‌مانیش ڕای‌گه‌یاند: جارێک ئێمه تا ئێستا‌ بڕیاری خۆمان له‌سه‌ر به‌شداری‌کردن له‌ حکوومه‌ت نه‌داوه‌. پێشتریش گوتم دواتر‌ هه‌م به‌رنامه‌کان و هه‌م ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆمان ده‌ده‌ینه‌ جڤات که‌ سه‌رکردایه‌تیی گۆڕانه‌ و له‌وێ بڕیار ده‌درێت. له‌ سیاسه‌تدا ڕێککه‌وتن و ململانێ هه‌یه‌.

له‌ مانگه‌کانی ڕابردوو و به‌ ده‌ستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ، جۆرێک نه‌رمی له‌ لێدوان و هه‌ڵوێسته‌کانی پارتی له‌ به‌رانبه‌ر گۆڕان له‌سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی و دانانی ده‌ستوورێک له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دیاره‌ و ئه‌م نه‌رمی نواندنه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ژماره‌ی کورسی و ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی په‌رله‌مان که‌م بۆته‌وه‌ و سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ ڕوانگه‌ی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ هیوامان وایه‌ گوتاریان گۆڕابێت و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش بێت ئێمه‌ پێشوازی لێده‌که‌ین به‌ڵام ورده‌کاریی ڕێککه‌وتن یان ڕێکنکه‌وتن، ئیتیفاقه‌کان و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌ داهاتوودا یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌.

پاش ده‌ست پێکردنی گفتوگۆکان له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت به‌ تایبه‌ت گفتوگۆی پارتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌گه‌ری به‌شداریی ئه‌و حزبه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی نوێ، ڕاپۆرته‌ نافه‌رمییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان نایه‌وێت گۆڕان به‌شداری له‌ حکوومه‌تدا بکات. عه‌لی محه‌مه‌د ساڵح ئه‌ندامی باڵای وه‌فدی دانووستانکاری گۆڕان بۆ دانووستانه‌کان له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت ئاشکرای ده‌کات: ده‌بێ هۆکاری هه‌وڵه‌کان بۆ دوورکردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌و لایه‌نانه‌ بپرسیت که‌ به‌دواداچوون بۆ ئامانجێکی وا ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ حکوومه‌تدا به‌شداری بکه‌ین بۆ دژایه‌تی کردنی هیچ لایه‌نێک نییه‌ و ئه‌گه‌ر به‌شداریش نه‌که‌ین له‌به‌ر خاتری هیچ لایه‌نێک نییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌و به‌رنامه‌ و پرۆگرامه‌ی که‌ هه‌مانه‌ و له‌ خزمه‌تی خه‌ڵکدایه‌ ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ نه‌ک له‌به‌ر که‌س و نه‌ک له‌ دژایه‌تیی که‌سێکه‌وه‌ ده‌چینه‌ حکوومه‌ته‌وه‌.

ڕاپۆرته‌ نافه‌رمییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تدا داوای چه‌ندین وه‌زاره‌تخانه‌ی سه‌ره‌کی کردوووه‌ به‌تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌ و دارایی و هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان. عه‌لی محه‌مه‌د ساڵح له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ تا ئێستا گفتوگۆیێک له‌سه‌ر ورده‌کاریی چۆنیه‌تیی به‌شداریکردن له‌ ده‌وڵه‌ت و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن نه‌کراوه‌ و له‌ داهاتوودا ئه‌و بابه‌تانه‌ یه‌کلا ده‌بنه‌وه‌.

نزیک به‌ سێ مانگه‌ که‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام هێشتا حکوومه‌تی نوێ پێکنه‌هاتوووه‌ و عه‌لی محه‌مه‌د ساڵح له‌ کۆتاییی گفتوگۆکه‌یدا له‌گه‌ڵ کوردپرێس پێشبینیی کرد که‌ گفتوگۆکان له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ درێژه‌ی ده‌بێت و ناکرێ له‌ داهاتوویێکی نزیکدا ده‌وڵه‌تی نوێ پێک بێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50614

Your Comment

You are replying to: .
captcha