بەرھەم ساڵح: عێراق بەرەو بووژانەوە ھەنگاو دەنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە كاتی كردنەوەی تاوەری بەغداد دا، سەرۆک كۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند عێراق بەرەو بووژانەوە ھەنگاو دەنێت، بەغدادیش ئاوەدان و درەوشاوە دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرھەم ساڵح سەرۆک كۆماری عێراق دووپاتی كردەوە كردنەوەی تاوەری بەغداد پەیامێكە بۆ ھاونیشتمانییەكانمان كە عێراق ھەنگاو دەنێت بەرەو بووژاندنەوە، ھەروەھا بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە درەوشاوە و ئاوەدان و ئارامەكەی و پایتەختی ئاشتی دەبێت.

ناوبراو راشیگەیاند: "ھەر چەندە لە وڵاتان و شارانی تردا ئەم دەستكەوتە سادە و بچووكە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو پەلاماردانە تیرۆریستییانە و جەنگ و گەمارۆیانەی كە رووبەرووی بەغداد بووەتەوە لە دوای تێپەڕبوونی پانزدە ساڵ بەسەر داخستنی ئەم تاوەرەدا و نۆژەن كردنەوە و كردنەوەی بەرووی ھاووڵاتیاندا و هەروەها كردنەوەی ناوچەی سەوز و لابردنی بەربەستە كۆنكرێتییەكان، ئاماژەیێكی گرنگە بۆ دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێی بایەخدان بە بەغداد و گەڕاندنەوەی ژیانێكی ئاسایی بۆ پایتەختەكەمان.

سەرۆک كۆمار ی عێراق دەستخۆشی و ستایشی ئەو ھەوڵەی كرد كە وەزارەتی گەیاندن خستویەتیە گەڕ بۆ نۆژەن كردنەوە و كردنەوەی تاوەرەكە لە دوای ئەو ھەموو زیان و وێرانییە زۆرەی كە بەری كەوتووە لە ئەنجامی جەنگ و بارودۆخی توندوتیژیی كە وڵات بە خۆیەوە بینیوە.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50580

Your Comment

You are replying to: .
captcha