مه‌زڵووم کۆبانی: هه‌سه‌ده‌ ده‌یه‌وێت ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و دیمه‌شق بكات

به‌شی سووریا- فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" ئاشكرای كرد که‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕووسیا و حكوومه‌تی سووریا چڕ كردوووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ دروست ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌زڵووم كۆبانی به‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ڕاگه‌یاندوووه‌: "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا پێشبینیكراو نه‌بوو."

ناوبراو جه‌ختی كرده‌وه‌: "تا چه‌ند ڕۆژێكیش به‌ر له‌ ئێستا ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێمه‌ دووپاتی ده‌كرده‌وه‌ كه‌ پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی ده‌بێت و ئێمه‌ش له‌ به‌رامبه‌ردا پابه‌ندی سه‌رجه‌م به‌ڵینه‌كانمان بووین."

فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ ئێمه‌ی تووشی شۆک كرد و ئێمه‌ هه‌رگیز بۆ ئه‌گه‌رێكی له‌م جۆره ‌ئاماده‌ نه‌بووین."

مه‌زڵووم کۆبانی ڕاشی‌گه‌یاند: "نزیكه‌ی هه‌فته‌یێک به‌ر له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ، جێمس جێفری نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا سه‌ردانی ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فوراتی كردبوو و دووپاتی كرده‌وه‌ که‌ تا كۆتایی به ‌داعش نه‌هێندرێت و چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ دۆخی سووریا نه‌دۆزرێته‌وه‌، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌ ناكشێنه‌وه‌."

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاند به بێ ئه‌وه‌ی هیچ خشته‌یێكی كاتی بۆ كشانه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی دیاری بكات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "له ‌كاتێكدا ئه‌و بڕیاره‌ی داوه كه‌ به‌ شێوه‌یێكی به‌رچاو سووریا له‌ داعش پاككراوه‌ته‌وه‌."

ئه‌مه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ توركیا هه‌وڵ ده‌دات هێزه‌كانی له‌و شوێنانه‌ جێگیر بكات كه‌ سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان لێی ده‌كشێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50563

Your Comment

You are replying to: .
captcha