کوردپرێس:
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند هێزە ئەمریکییەکان لە سووری دەکشێنەوە و ئەوەش شۆکێکی گەورە بوو کە لە کوردی سووریا درا. بە وتەی ژمارەیێک بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناوەکەیان بدرکێندرێت، کوردی سووریا چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ئەمریکا وەکوو چۆن لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە بۆ هەمیشە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاش بمێنێتەوە.
بەپێی نووسراوی واڵ ستریت ژوورناڵ ئاستی بێهیوایی و بەخۆدا شکانی کوردەکانی سووریا و پەیەدە و بەرپرسانی باڵای کورد لە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا زۆر زۆرە. کوردی سووریا چیتر هیوای بە ئەمریکا نەماوە و کار بۆ ئەوە دەکات کە هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ وڵاتانی دیکە ببەستێت. بەڵام ئێستا درەنگە بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی واڵ ستریت ژوورناڵ بەرپرسانی باڵای پەیەدە کە دەوری سەرەکییان لە دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بینی لە پێتەختی وڵاتە ئەورووپییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە واژۆ بکەن. تەنانەت باس لەوەش دەکرێت کە بەرپرسانی کوردی سووریا نوێنەریان ناردۆتە دیمەشق و مۆسکۆ و تاران بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئامادەبووی سووریا بکەن.
کانیوار حەسەن توێژەری سەنتەری توێژینەوەی "الفرات" لە قامیشلۆ وتوویەتی پاش بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، هاوکێشەی دەسەڵات لەو ناوچەیە گۆڕدراوە و ئەگەر فەرمانەکە بخرێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە ئەوا هاوکێشەی دەسەڵات و هێز لەو ناوچەیە گۆڕانکاریی زیاتریشی بەسەردا دێت.
ناوبراو بڕوای وایە، پچڕانی هاوکاری و هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و هێزی سووریای دیموکرات وا دەکات سیناریۆ و هاوپەیمانیی نوێ سەر هەڵبدات. یەکێک لە سناریۆ بەهێزەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات دانووستانی نێوان هێزی سووریای دیموکرات و دیمەشقە.
حواز سەعدوون ئەندامی کوردی هاوپەیمانیی موعارەزەی سووریا وتوویەتی زەمینە فەراهەم کراوە بۆ هەموو ئەو سناریۆیانەی پاش کشانەوەی ئەمریکا ڕەنگە بخرێنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و ڕەنگە هەندێکیشیان بە قازانجی کورد نەبن.
خاڵی ڕوون ئەوەیە نیگەرانی و ترسی کورد پاش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی 2600 هێزی سەربازی و فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پەرەی سەندووە. بەرپرسانی کوردی سووریا بە واڵ ستریت ژوورناڵیان وتووە ئامادەن هەموو کارێک بکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ماڵ و منداڵ و دەستکەوتەکانیان بکەن و نەهێڵن ئەوەی بەدەستیان هێناوە بە فیڕۆ بڕوات.
Your Comment