ئه‌مریکا ئامانجه‌کانی پێ جێبه‌جێ ناکرێت

به‌شی ئێران/ کوردی- حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 1398 پێشکه‌ش ده‌کات و له‌ لێدوانێکدا کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری خسته‌ به‌ر باس که‌ گرینگترینیان ته‌وه‌ری ئابووری و گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ی کانوونی یه‌که‌می 2018 حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران بۆ پێشکه‌ش کردنی پڕۆژه‌یاسای ساڵی 1398 له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی ئاماده‌ بوو و وتارێکی پێشکه‌ش کرد.

ڕۆحانی له‌باره‌ی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ڕای‌گه‌یاند: دیاره‌ گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کارتێکه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر بژێوی ژیانی هاووڵاتییان به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مریکا ئه‌و نیازه‌ی هه‌یه‌تی پێی جێبه‌جێ ناکرێت.

ناوبراو گوتیشی: له‌ ساڵی 92وه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌تی ته‌کبیر و ڕاوێژ بوووه‌ به‌ره‌وپێشچوون و ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌کان بوو. ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌ستمان خست له‌لایه‌ن چه‌ند زلهێزێکه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا ته‌حه‌مول نه‌ده‌کرا. ساڵی 96 گه‌شه‌ی ئابووریمان بینی و 790 هه‌زار ده‌رفه‌تی کارمان خولقاند و گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌کان له‌ 17-وه‌ گه‌یشته‌ 3+.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی به‌ قه‌یرانی دارایی له‌ که‌رتی دراوه‌کان کرد و گوتیشی: ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌ره‌تای ساڵی 1397 کردی ئه‌وه‌ بوو هاووڵاتییان له‌ سیسته‌می حوکمڕانی بێ‌هیوا بکات و وای بسه‌لمێنێت ده‌وڵه‌ت به‌ سه‌ر دۆخه‌که‌دا زاڵ نییه‌ و پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت بۆیه‌ زۆر که‌سیش له‌ سۆشیال میدیا و ڕۆژنامه‌کاندا باسی هه‌ڵاوسانی زه‌به‌لاحیان ده‌کرد و ده‌یانگوت ئێران به‌م زوووانه‌ ده‌بێته‌ ڤێنێزۆیلای دووهه‌م.

سه‌رکۆماری ئێران گوتیشی: پرسیاره‌که‌ لێره‌دایه‌ له‌و دۆخه‌دا که‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و بازرگانی و سیاسی ئیجابی بوو و به‌ره‌وپێش ده‌چوو و له‌ زۆر که‌رتی چاره‌نووسساز و حه‌یاتیدا سه‌ربه‌خۆ بووبووین بۆچی ئاقاره‌که‌ به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه‌ کشا؟

یه‌که‌م هۆکار ئه‌وه‌ بوو گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران چ له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ و چ له‌ باری کردارییه‌وه‌ کارتێکه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر بازاڕی دراو و دۆلار. له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 97دا پاشه‌که‌وتی ئێران له‌ باری دۆلار و دراوه‌وه‌ سیفر بوو بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت ناچار بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕی دراو کۆمه‌ڵێک بڕیاری دژوار بدات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز بێت. که‌س حاشای له‌وه‌ نه‌کردوووه‌ که‌ گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کارتێکه‌ر نه‌بوووه‌ له‌سه‌ر بژێوی ژیانی هاووڵاتییان به‌ڵام ئه‌وه‌ش حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ ئه‌مریکا له‌ ئه‌نجامدا شکست ده‌هێنێت بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌یه‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ یه‌ک بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان تێپه‌ڕێنین.

هۆکاری دووهه‌م هه‌یکه‌لییه‌تی ناته‌ندروستی ئابووری له‌ وڵاتی ئێرانه‌ که‌ چه‌ندین ده‌یه‌ له‌وه‌ پێشیش به‌ هه‌مان شێوه‌ کێشه‌ی دروست کردوووه‌ چ پاش ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و چ پێش ڕاپه‌ڕینیش. دیاره‌ ئه‌و هه‌یکه‌لییه‌ته‌ ناته‌ندروسته‌ له‌ هه‌لومه‌رجی قه‌یران و گه‌مارۆکاندا چه‌ندقات ده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌یکه‌لییه‌ته‌ ته‌ندروست بووبا من ئیدعا ده‌که‌م ده‌مانتوانی بودجه‌ی بێ نه‌وتمان هه‌بێت. کۆی داهاتی نه‌وتی ئێمه‌ ساڵی ڕابردوو 142 هه‌زار ملیار تمه‌ن بوووه‌.

ڕۆحانی ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌یکه‌لییه‌تی ئابووری و پلاندانان و بودجه‌ی ساڵانه‌ گرت و گوتیشی: ئه‌گه‌ر که‌رتی ئه‌هلی کارا بکریایێته‌وه‌ و له‌ بودجه‌دا پشتمان به‌ نه‌وت و داهاتی نه‌وتی نه‌به‌ستبا ئێستا گه‌مارۆکان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر که‌رتی ئابووریمان نه‌ده‌بوو.

ناوبراو باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی و کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا هیچ وڵاتێکی جیهان و ده‌سه‌ڵاتێکی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی هاوبیری ئه‌مریکا نییه‌ و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مریکا له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی وه‌ک کشانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ بژمێرین ئه‌و له‌ قامکه‌کانی یه‌ک ده‌ست زیاتر نابن ئه‌وه‌ش جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی 40 ساڵ له‌وه‌وپێش که‌ هه‌رکات ئه‌مریکا ویستوویه‌تی پیلان دژی ئێرانی بگێڕێت هه‌موو وڵاته‌کان به‌ عام و هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش پشتی ئه‌مریکایان ده‌گرت به‌ڵام ئێستا ڕه‌وته‌که‌ جیاوازه‌ و ئه‌مریکا به‌ ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ و جگه‌ له‌و چه‌ند وڵاته‌ی دوژمنایه‌تیی ئێمه‌ ده‌که‌ن هیچ وڵاتێکی دیکه‌ له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا پشتیوانیی نه‌کردوووه‌.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی به‌ ڕێژه‌ی سه‌رمایه‌ی سندووقی پاشه‌که‌وتی دراوه‌کان کرد و گوتی: پێشتر ناچار بووین به‌ پێدانی پاره‌ و دۆلار ته‌داخول له‌ بازاڕی دراوه‌کان بکه‌ین به‌ڵام ئێستا ئه‌و ته‌داخوله‌ گه‌یشتۆته‌ که‌مترین ئاستی خۆی و سندووقی پاشه‌که‌وتی دراوه‌کان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و پێشتریش گوتبووم که‌ 13ی گه‌لاڕێزان هیچ ناقه‌ومێت و گه‌لی ئێرانیش بینییان قۆناغی دووهه‌می گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ڕۆژی 13ی گه‌لاڕێزان ده‌ستی پێکرد و هیچ ڕووی نه‌دا ته‌نانه‌ت دۆخه‌که‌ به‌ره‌و باشتریش چوو و نرخی دراوه‌کان دابه‌زی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50517

Your Comment

You are replying to: .
captcha