ڕووسیا: بوونی سوپای ئه‌مریکا له‌ سووریا شه‌رعییه‌تێکی نه‌بوو

به‌شی جیهان- جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا گوتی: بوونی سوپای ئه‌مریکا له‌ سووریا هیچ شه‌رعییه‌تێکی نه‌بوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ميخائيل بۆگدانۆڤ نێردراوى ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆكى ڕووسيا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فريقا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ مۆسكۆ به‌ وردى چاودێریى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا ده‌كات.

ناوبراو گوتيشى: ئێمه‌ پلانى گريمانه‌يى بۆ ئه‌و پاشه‌كشێيه‌ دانانێين به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌مريكييه‌كانيش په‌يمانمان داوه‌ ڕێز له‌ سه‌روه‌رى و يه‌كپارچه‌يیی سووريا بگرين.

میخائیل بوگدانۆف ڕاشی‌گه‌یاند: بوونى سوپاى ئه‌مريكا له‌ سه‌ر خاكى سووريا هيچ شه‌رعييه‌تێكى نه‌بوو.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ى ڕابردوو (19ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2018) له‌ بڕيارێكى كتوپڕدا دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مريكا بڕياری دا سوپاى وڵاته‌كه‌ى له‌ ناوچه‌ كوردييه‌كان و ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ له‌ باكوورى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى فورات بكێشێته‌وه‌ و كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا و پشت كردنى له‌ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ دواى ئه‌وه‌ دێت له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردووى شه‌ڕى داعشدا، هێزه‌کانی ئه‌مریکا و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ زۆرينه‌ى ره‌هايان كوردن، شه‌ڕيان له ‌دژى داعش ده‌كرد.

كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مريكا له‌ سووريا له‌ كاتێكدايه‌ توركيا هێزه‌كانى له‌ نزيک مه‌نبه‌ج و حه‌له‌ب و ناوچه‌ سنوورييه‌كان كۆ كردوووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌شكركێشى بكاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ و كۆتايى به‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى هێزه‌ كوردييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بهێنێت.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا سێ سیناتۆری ئه‌مریکی دژی بڕیاره‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی ھێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا وه‌ستانه‌وه‌ و رایانگه‌یاند که‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌م کاته‌دا خیانه‌ته‌ له‌ کورد.

ھه‌ریه‌که‌ له‌ لیندزی گراھام سیناتۆری کۆمارییه‌کان و جاک رید و رۆبێرت مێنێندز له‌ دیموکراته‌کان له‌ کۆنگره‌یێکی رۆژنامه‌وانیدا داوایان له‌ سه‌رۆکی ئه‌مریکا کرد گوێ له‌ ڕاوێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌ سووریا بگرێت و له‌ بڕیاره‌که‌ی په‌شیمان بێته‌وه‌.

لیندزی گراھام گوتى: شه‌ڕی داعش کۆتایی نه‌ھاتوووه‌ و ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆکی ئه‌مریکا ھه‌مان ھه‌ڵه‌ی باراک ئۆبامایه‌ که‌ ساڵی 2011 سوپای ئه‌مریکای له‌ عێراق کشانده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر تره‌مپ به‌ بریاره‌که‌یدا نه‌چێته‌وه‌ ھه‌مان سیناریۆی عێراق دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و سيناتۆرانه‌ ئاماژه‌يان بۆ ئه‌وه‌ش كرد که‌ كورد و هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ له‌ سووريا ده‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسیى توركيا و داعش.

سه‌رچاوه‌: باسنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50447

Your Comment

You are replying to: .
captcha