مه‌سعوود حه‌یده‌ر: پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نامێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق باس له‌وه ‌ده‌كات که‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌ سێ سیناریۆوه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا پاشه‌که‌وتی مووچه‌ نامێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سعوود حه‌یده‌ر كه‌ له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی بوو له‌ نووسینێكدا له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووک ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ به‌ سێ سیناریۆی جیاواز پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و سه‌باره‌ت به‌ سیناریۆی یه‌كه‌م نوسیویه‌تی: پشكی ھه‌رێم 12.67% و خه‌رجی سیادییه‌كان ده‌ستكاری نه‌كراوه‌، پشكی ھه‌رێم له‌ ڕووی تیۆری 9.7 ترلیۆن دیناره‌ و لێره‌ ده‌بێ ھه‌رێم 250 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ست بكات.

ناوبراو ده‌رباره‌ی سیناریۆی دووه‌میش نووسیویه‌تی: پشكی ھه‌رێم 12.67%ه‌ و خه‌رجی سیادی كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ ڕووی تیۆری 11 ترلیۆن و 590 ملیار دیناره‌ لێره‌ و ده‌بێ ھه‌رێم ڕۆژانه‌ 250 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ست بكات.

مه‌سعوود حه‌یده‌ر سه‌باره‌ت به‌ سیناریۆی سێهه‌میش ‌نووسیویه‌تی: ته‌نھا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و خه‌رجی حاكمه‌ (ده‌رمان و پاره‌ی جووتیاران..هتد) بۆ هه‌رێم خه‌رج بكرێت به‌پێی لیستی مووچه‌خۆرانی وه‌زاره‌تی داراییی عێراق. هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست ناكات به‌ داهاتی نه‌وت و داهاته‌كانی‌تر، مووچه‌كه‌ ته‌واو ده‌كرێت و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نامێنێت. هه‌روه‌ھا ئاماده‌سازی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2019دا دانووستان بكرێت له‌سه‌ر هه‌موو مه‌له‌فه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی نێوان ھه‌رێم و به‌غداد. هه‌روه‌ها به‌ پێی ده‌ستوور، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیارێتی حكوومه‌تی فیدڕاڵییه‌ و په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ هیچ مه‌له‌فێكی‌تر.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50442

Your Comment

You are replying to: .
captcha