زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى کۆبوونه‌که‌ى مەسعوود بارزانى ‌و بافڵ تاڵه‌بانى لەزاری سه‌رکرده‌یه‌کى پێشووى یه‌کێتىەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رکرده‌یه‌کى دیارى پێشووترى یه‌کێتى چه‌ند زانیاریێکى گرنگ له‌باره‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ى مه‌سعوود بارزانى ‌و بافڵ تاڵه‌بانى ئاشکرا ده‌کات‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بافڵ تاڵه‌بانى بۆ ڕێکه‌وتن چۆته‌ پیرمام نه‌ک بۆ گفتوگۆ"، ده‌شڵێت:"ئه‌مڕۆ پارتى‌و یه‌کێتى له‌سه‌ر کاندیدێکى هاوبه‌ش کۆتایی به‌کێشه‌کان ده‌هێنن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌ندامى پێشتووترى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى ئاشکرایکردووە، "هه‌موو ئاماژه‌کان ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن که‌ یه‌کێتى‌ و پارتى ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ن به‌ڕێکه‌وتن ‌و دوێنێش وه‌ڵامى خۆم له‌کاک مه‌سعوود وه‌رگرتۆته‌وه ‌و وه‌ڵامه‌کانیش زۆر ئیجابین".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى:" کاک مه‌سعوود وتى من له‌م وڵاته‌دا ده‌ژیم‌ و به‌رپرسیارێتى له‌ئه‌ستۆمدایه‌، چۆن ده‌کرێت من که‌سێک کاندید بکه‌م‌ و یه‌کێتى ڕه‌ئى له‌سه‌رى نه‌بێت ‌و یه‌کێتیش که‌سێک کاندیدبکات که‌ ڕه‌ئى منى له‌سه‌ر نه‌بێت؟، هه‌موو قسه‌کانى ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن که‌ پارتى نه‌رمى ده‌نوێنێت ‌و یه‌کێتیش به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ خاڵى هاوبه‌ش ‌و ئه‌مڕۆ ڕێکبکه‌ون".

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌، "کاک بافڵ بۆ ڕێکه‌وتن چۆته‌ پیرمام نه‌ک گفتوگۆ، دواتر یه‌کێتى‌ و پارتى هه‌موو ڕووداوه‌کان نیشانیداون به‌بێ یه‌کتر کاریان پێناکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێگه‌ هه‌ر ڕێگه‌ى ته‌فاهومه‌ ڕێگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ عه‌قڵه‌کان له‌یه‌ک نزیک ببنه‌وه‌".

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى یه‌کێتیش وتى: "لاى یه‌کێتیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى من بزانم ‌و ئاگاداربم، بیروبۆچوونه‌کان زۆر ئیجابیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌مڕۆ ده‌گه‌نه‌ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى".

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌وه‌شى وت: "ڕێگه‌ ڕاسته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ردوولا که‌سێک کاندیدبکه‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار، له‌وکاته‌شدا پێموایه‌ چانسى به‌رهه‌م ساڵح که‌م ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ڕه‌نگه‌ نه‌توانم به‌ناوى یه‌کێتیه‌وه‌ قسه‌ بکه‌م له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چانسى به‌رهه‌م که‌مبێت بۆ بونه‌وه‌ به‌سه‌رۆک کۆمار، به‌ڵام وام بۆن کردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌گرژیه‌کانی یه‌کێتى ‌و پارتیش فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر جه‌ختیکرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ى باس ده‌کرێت‌ و ده‌گوزه‌رێت له‌خواره‌وه‌ن ‌و یه‌کێتى‌ و پارتى به‌و شێوه‌یه‌ گرژیان له‌نێواندا نییه‌".

له‌باره‌ى پێشنیازى چوارساڵ به‌چوارساڵ بۆ یه‌کێتى ‌و پارتى که‌ پۆستى سه‌رۆک کۆماریان له‌لابێت، سه‌رکرده‌که‌ى پێشووى یه‌کێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "زۆر پێشنیازى دیکه‌ش بونیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ یه‌کێتى ‌و پارتى ڕێکده‌که‌ون".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش گوایه‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ کاندید کراوه‌ بۆ پۆستى پارێزگارى که‌رکووک، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئاشکرایکرد، "من بڕیارم داوه‌ به‌م ته‌مه‌نه‌ى ماومه‌ هیچ پۆستێکى حکوومى ‌و حزبیی وه‌رنه‌گرم، ڕه‌نگه‌ لێره ‌و له‌وێ قسه‌ هه‌ڵدرابێت، کاتى خۆیشى کاک مه‌سعوود له‌گه‌ڵ کاک کۆسره‌ت گفتوگۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ کردبوو، به‌ڵام سه‌رینه‌گرت، بۆیه‌ هه‌ر ئێستا ڕایده‌گه‌یه‌نم هه‌موو جۆره‌ پۆستێک ڕه‌تده‌که‌مه‌وه‌".

News Code 5041

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha