کۆنفڕانسێک له‌باره‌ی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ چوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێکی پێشمه‌رگه‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ شاری ھانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا به‌شدارییان له‌ کۆنفرانسی ڕێگاکان به‌ره‌و ئاشتییدا کرد که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ شاری ھانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان به‌شی ئه‌ڵمانیا کۆنفڕانسێکی له‌ژێر ناونیشانی ''ڕێگای به‌ره‌و ئاشتی''دا ساز کرد و له‌و کۆنفرانسه‌دا چه‌ندین دیدار و کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام دران و باس له‌ ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان کرا له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئاشتی و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌دا.

شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێکھاتبوو له‌ به‌ڕێزان سه‌ربه‌ست له‌زگین بریکاری وه‌زیر و فه‌ریق جه‌مال ئیمینکی سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و لیوا سیروان بارزانی فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری مه‌خموور- گوێڕ و عه‌مید ڕوکن ھه‌ژار عومه‌ر زه‌نگه‌نه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و شاندی پارتییش پێکھاتبوو له‌ ھۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان و فه‌وزی ئه‌سعه‌د جێگری به‌رپرسی لقی شه‌ش.

له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا بریکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وتارێکی ده‌رباره‌ی ڕۆڵی مێژوویی و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و دروست بوونی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵیان له‌ به‌رگری له‌ کوردستان و تێشکاندنی داعش و دابین کردنی ئاسایش بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌موو پێکهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌کان و ملوێنان ئاواره‌وه‌ پێشکه‌ش کرد و پاشان تیشکی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هاوکارییانه‌ی که‌ پێشکه‌ش به‌ هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ و گرنگییه‌که‌ی له‌ دابین کردنی ئاسایش و سه‌قامگیریدا.

بریکاری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ سوپاسی گه‌ل و حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیای کرد له‌ پشتیوانی و هاوکاریی هه‌رێمی کوردستان و مه‌شقپێکردنی هێزی پێشمه‌رگه و گوتیشی: به‌رده‌وام بوون و په‌ره‌پێدانی ئه‌و جۆره‌ هاوکارییانه‌ کاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌رکردنی ئاشتی له‌ ناوچه‌که‌دا.

دوایی فیلمێکی دۆکیومێنتاری ده‌رباره‌ی مێژووی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاماده‌ کرابوو، پێشکه‌ش کرا.

له‌ پانێڵێکدا که‌ لیوا سیروان بارزانی و ھۆشیار سیوه‌یلی و فه‌ریق جه‌مال و عه‌میدڕوکن ھه‌ژار به‌شدار بوون باسیان له‌ بارودۆخی ئێستای کوردستان و داھاتووی هه‌رێمی کوردستان کرد و له‌ کۆتاییدا دیاریی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به ‌سه‌ر چوار که‌سایه‌تیی ڕێکخراوه‌که‌ و ویلایه‌تی باشووری ساکسۆنیدا دابه‌ش کرا که‌ ڕۆڵیان هه‌بوووه‌ له‌ ناساندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانیی گه‌لی کوردستاندا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50381

Your Comment

You are replying to: .
captcha