ئەمریکا دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لەبارەی پاراستنی 2000 هێزی خۆی و بەرگری لە کوردەکان هەمبەر هێرشەکانی تورکیا.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو کاتەوە کە قەیرانی سووریا گشتگیر بووە تا ئێستا 500000 کەس گیانیان لەدەست داوە و لانی کەم 12000000 کەس ئاوارە بوونە. هەموو شارەکان وێران کراون. بەڵام لە ناو ئەم کەلاوانەدا، باکووری ڕۆژئاوای سووریا کە کوردەکان کونترۆڵی دەکەن سەقامگیر و ئەمن بووە. حکوومەتی سووریا لە سەرەتای قەیرانەوە هێزەکانی خۆی لە ناوچە کوردنشیەکانی وڵاتەکەی کشاندەوە بۆ تۆکمە کزدنی هێزەکانی لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا.
من لەم دواییەدا بۆ تاوتوێ کردنی پرسی گواستنەوەی دەسەڵات سەردانی شاری قامیشلو-م کردووە لە سەر سنووری عێراق و سووریا. ناوچەکە لە ژێر مەترسیدایە. ئەگەر رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکە لەناو دەبات.
ئەردۆغان لەو باوڕەدایە کە شەڕڤانانی کوردی سووریا، لقی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا-ن، ناوبراو بڕیاری داوە کە بە وتەی خۆی «تیرۆریستان» لەناو ببات و پشتێنێکی ئەمنیەتی بە درێژایی سنوورەکانی تورکیا و سووریا دروست بکات.
هێزە ئەمریکییەکانیش دەتوانن بکەونە مەترسییەوە. نزیک لە 2000 هێزی تایبەتی ئەمریکا کە هاوڕێن لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل لەو ناچەکەدا بوونیان هەیە. ئەمریکا چەک و تەقەمەنیی بۆیان دابین کردووە و لەشەڕی داعشدا پشتیوانیی ئاسمانییانی کردووە.
ئەمریکا جگە لە کورد دۆستێکی دیکەی لە سووریا نییە. سووریا بووەتە گۆڕەپانی خۆنواندنی ڕووسیا و دیکەی هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە. سووریا لەگەڵ ئیسراییل هاوسنوورە و دەتوانێت بەستێن بۆ هێرشەکان فەراهەم بکات. ئایا ئەمریکا لە کۆمەڵکوژ کردنی هاووڵاتیانی سڤیل ڕێگری دەکات یا ئەوەی کە چاوپۆشی دەکات لە بە ئامانج کردنی کوردەکانی سووریا؟
ئەردۆغان پێشینەیێکی پڕ لە جەنایەتی جەنگیی هەیە و تورکیا لە 20ی کانوونی دووهەمی 2018دا هێرشی کردە سەر ناوچەی کوردنشین و ئەمنی عەفرین لە ڕۆژئاوای فورات، بۆ ماوەی 56 ڕۆژ بە فڕۆکە ناوچەکە بۆردومان کرد و بوو بە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارە بوونی 300000 کەسی دیکە.
ئەمریکا پێویستی بە کوردەکانی سووریایە بۆ پاکسازی کردنی ناوچەی نێوان عێراق و سووریا لە 20000 چەکداری داعش. کوردەکان هەروەها دەتوانن یارمەتیی ئەمریکا بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دیکەی لە سووریا. ئەمریکا پێنج بنکەی چاودێریی لە نێوان سنووری سووریا و تورکیا دامەزراندووە ئەوەش بۆ ڕێگری کردن لە پێکدادانی نێوان هێزە کوردەکان و تورکیا. بەو حاڵەشەوە ئەگەر تورکیا هێرش بکات، ئەو چەند بنکە چاودێرییە پارێزراو نابن. ئەردۆغان لە هۆشدارێکدا ڕایگەیاندووە لەو هێرشەدا بەهیچ لەونێک هێزەکانی ئەمریکا ناکرێنە ئامانج.
دروست کردنی ناوچەی دژەفڕین لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا مەترسیی هێزی ئاسمانیی تورکیا لەسەر کوردەکان کەم دەکات و کوردەکان چانسی بەرگری لە خۆیان دەبێت.
ئەو بڕیارە پاشهاتی بەرچاوی سیاسی و ئەمنی بەدواوە دەبێت. زۆرینە دەسەڵاتی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە بنکەی ئاسمانیی ئینجرلیک-ی تورکیا دایە. ئەگەر ئەمریکا ناوچەی دژەفڕین ڕابگەیێنێت، ڕەنگە تورکیا فڕۆکەکانی ئەمریکا کۆ بکاتەوە و ئینجرلیک دابخات.
ئەمریکا کە ئەگەری خراپتر بوونی پێوەندیی لەگەڵ تورکیا پێش بینی کردووە، فڕۆکەکانی خۆی لە یۆنان جێگیر کردووە. دەسەڵاتی ئاسمانیی ئەمریکا لە قیبرس و کەشتییە جەنگییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ڕەش دەتوانن یارمەتی بە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین بدەن. ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڵبژادرنێکی مێژوویی بووەتەوە. ئەمریکا دەتوانێت درێژە بە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ تورکیا بدات کە یارمەتیی گرووپە جیهادییەکانی داوە لە سووریا و مووشەکی لە ڕووسیا کڕیوە و بنەما دەستوورییەکانی ناتۆی پشتگوێ خستووە؛ یان ئەوەی کە ئەمریکا یارمەتیی کوردەکان بدات و پشتگیرییان لێبکات، یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنها یارمەتی شەڕی داعشی نەداوە، ناچەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمنە و لایەنگریی لە ئەمریکا دەکات. ئەو بابەتە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ دیاری کردنی داهاتووی ئیدارەدانی سووریا. ئەمریکا پێویستی بە ستراتێژییێکی کرداری و بنەمایی بۆ بەرگری کردن لە هاوڕێکانی خۆی لە سووریا هەیە یا ئەوەی کە هەوڵ بۆ ڕازی کردنی دوژمنانی خۆی بدات.
سەرچاوە: نیوز دەی
نووسەر: دەیوید فیلیپس
وەرگێڕان: بەشی کوردیی هەواڵدەریی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment