هۆی دەمدرێژی کردنی ئەردۆغان ئەو گڵۆپە سەوزەیە ئەمریکا بۆی هەڵکردووە

بەشی سووریا- بەرپرسی پێشووی کانتۆنە کوردنشینەکانی سووریا لە دیمانەیێکی تایبەت لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی ئەمریکا پێشتر لە مەسەلەی عەفریندا بێهەڵوێست بوو و دەیگوت ئەو بابەتە پێوەندیی بەو وڵاتەوە نییە ئەی ئێستا لە بارەی خۆرهەڵاتی فوراتەوە و لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغانەوە چی دەڵێت؟ دیارە ئەمریکا سیاسەتێکی دووفاقیی گرتۆتە بەر.

کوردپرێس:

شێرزاد ئێزدی بەرپرسی پێشووتر لە کانتۆنە کوردنشینەکانی سووریا لە گفتوگۆیێکی تایبەت لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات کرد و ڕایگەیاند: ڕەفتاری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا تەنها بۆ ئەوەیە دەستکەوت و نەزمی دیموکراسییانەی کوردەکانی سووریا و دیکەی ناوچەکان تێک بدات و ئەو ئاژاوەگێڕیییە ئێستاش بەردەوامە.

ناوبراو دەشڵێت: پاش مەسەلەی عەفرین ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت هەمان سناریۆ دووپات بکرێتەوە و لەو نێوانەشدا زلهێزەکان و بەتایبەت ئەمریکا سیاسەتێکی مونافقانەیان گرتۆتە بەر.

شێرزاد ئێزدی ڕەخنەی لە خەمساردی و بێهەڵوێستیی ئەمریکا لە بەرانبەر جووڵەی تورکیاوە گرت و بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە ئەمریکا لە بەرانبەر ئەو هەڵمەتەی تورکیا هەڵوێستی کارا و جددیی نەنواندووە و وا دەردەکەوێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە تورکیا و دەوڵەتی سووریا و گرووپە توندڕەوەکان نزیک بۆتەوە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەمریکا ئیدعا دەکات شەڕی تیرۆر و داعش دەکات و ئەوەش لە کاتێکدایە تیرۆریزم تەنها داعش نییە بەڵکوو زۆر گرووپی توندڕەوی دیکەش هەن کە تورکیا پشتگیرییان دەکات و بە پشتیوانیی تورکیا عەفرین و چەند ناوچەیێکی باکووری سووریایان داگیر کردووە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی کانتۆنەکانی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گوتیشی: پێویستە ئەمریکا لە مەسەلەی شەڕی دژەتیرۆردا جدی بێت و ئیرادە بنوێنێت. مەسەلەکە تەنها شەڕی داعش نییە بەڵکوو ئەو ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکەیەی داعشە کە بە هەموو لایێکدا بڵاوەی کردووە و هەموو ئەو گرووپانەی تورکیا پشتیان دەگرێت وەوو گرووپی تیرۆریستی دەناسرێن.

شێرزاد ئێزدی نیگەرانیی لەوەش دەربڕی کە ئەمریکا لە بەرانبەر هەڕەشەکانی تورکیا سیاسەتی دووفاقیی گرتۆتە بەر و گوتیشی: بەداخەوە ئەمریکا لە کاتی داگیرکرانی عەفریندا نقەی لە خۆی بڕی و هەڵوێستی نەبوو. لەم ڕەفتارە دووفاقییەی ئەمریکا ناگەم. ئەمریکا ئیدعا دەکات کە شەڕی داعش و تیرۆر دەکات بەڵام لە بەرانبەر نوسرە و قاعیدە و گرووپە توندڕەوەکانی تر کە شتیوانیی تورکیایان لەگەڵە بێدەنگ دەبێت و دەڵێت ئەوە کێشەی ئێمە نییە!

ناوبراو زیادیشی کرد: دەمدرێژی کردنی ئەردۆغانیش هۆکارەکەی هەر ئەو گڵۆپە سەوزەیە کە ئەمریکا بۆی هەڵکردووە. لەبەر ئەوە تا ئەو کاتەی گڵۆپی سەوزی لە ئەمریکاوە بۆ هەڵنەکرێت ناتوانێت ئەو هەڕەشانەی کردوویەتی جێبەجێیان بکات. ئەو بەیاننامانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەری دەکات شەرمەزارییە بۆ ئەمریکا و هەرگیز لە ئاستی هەڕەشەکانی تورکیادا نەبووە. بەیاننامەکەی ئەمریکا ئەم جارەش وەکوو هەمان بەیاننامە بوو کە لە کاتی داگیرکرانی عەفریندا دەریکرد. ئێمە لەو بابەتە نیگەرانین و لای ئێمە قبووڵکراو نییە. ئەو جۆرە بەیاننامە و لێدوانە هەرگیز ڕێگر نابێت لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا.

شێرزاد ئێزدی گوتیشی: دەبێت ئەمریکا لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا خۆی یەکلا بکاتەوە. کاتێک ئەمریکا دەڵێت من هاوپەیمانی هێزی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنانم دەبێت ڕوونی بکاتەوە بنەمای ئەو هاوپەیمانێتییە چییە؟!

ئەمریکا دەیگوت عەفرین پێوەندیی بەوانەوە نییە. ئەی ئێستا کە باس باسی خۆرهەڵاتی فوراتە ئەمریکا چی دەڵێت؟ ئەو خەمساردی و بێ هەڵوێستییەی بەرپرسە ئەمریکییەکان لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان قبووڵکراوە؟

بەرپرسی پێشووی کانتۆنەکانی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: سیاسەتی ئەمریکا سیاسەتێکی دووفاقییە. ئەمریکییەکان دەڵێن هێرشی تورکیا بۆ خۆرهەڵاتی فورات مەترسی لە سەر هێزە ئەمریکییەکان و مەسەلەی شەڕی داعش دروست دەکات و لە هیچ هەڵوێستێکدا باسی کورد و هێزی کوردی نەکردووە. وا دەردەکەوێت هیچ لایان گرینگ نییە کە خەڵکی سڤیل یان هێزی کورد بکوژرێت.

شێرزاد ئێزدی باسی ئامانجەکانی تورکیا لە جموجووڵ و هەڕەشە سەربازییەکانیش کرد و گوتی: هەمووان ئەردۆغان دەناسن. ناوبراو نەک هەر دوژمنی کوردی سووریایە بەڵکوو دوژمنایەتیی هەموو کورد لە هەموو وڵاتانی دیکەش دەکات.

ناوبراو درێژەی پێدا: ئەردۆغان ئەو ملهوڕی و دەستدرێژییەی لە ئەمریکاوە وەرگرتووە و ئێمەش نابێت ساویلکە بین و خۆمان فریو بدەین و وابزانین ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتێژیکی ئێمەیە. نەخێر لە مەسەلەی عەفریندا دەرکەوت کە ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمانێتیی بەهێزیان لەگەڵ یەک هەیە و ئەمریکاش تەنها بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆی کورد بەکار دەهێنێت و لە ڕاستیدا هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ ئێمە هاوپەیمانێتییێکی تاکتیکییە. لە ڕاستیدا ئەمریکا بە شێوەیێکی کاتی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئێمە کردووە و لە عەفرینیشدا بۆمان دەرکەوت و ئێستاش لە مسەلەی خۆرهەڵاتی فوراتدا ڕوونتر دەبێتەوە کە تەنها بە مەبەست و بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئێمەی بەکار هێناوە و ئێمەش هەڵەی زۆرمان کردووە و دەبێت خوێندنەوەی ڕیئالی و مەعقوولتر بۆ بابەتەکە بکەین.

News Code 50321

Your Comment

You are replying to: .
captcha