نوێنەری کرماشان: ئیرادە بۆ چارە کردنی کێشەکان لە دەوڵەتی ئێراندا نییە/ کەمپی ئاوارەکانی فەڵەستین وەزعیان لە لێقۆماوانی بوومەلەرزەی کرماشان باشترە

بەشی کرماشان- نوێنەری خەڵکی کرماشان لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی توندی لە خەمساردیی دەوڵەت بەرانبەر بە کێشەی ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەت ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵزەهاو و ئەزگڵە و قەسر شیرین لە کرماشان گرت.

کوردپرێس:

سەید قاسم جاسمی نوێنەری کرماشان لە وتارێکی خۆی کە ئەمڕۆ یەکشەمە 25ی سەرماوەزی 1397 بەرانبەر بە 16ی کانوونی یەکەمی 2018 لە پەرلەمانی ئێران پێشکەشی کرد

ناوبراو تیشکی خستە سەر سامانی سروشتیی دەوڵەمەندی ئێران و ڕایگەیاند: بەداخەوە بەوسامانە دەوڵەمەندەوە دەبینین بێکاری زۆرە و گەنجانی ناوچەی وڵاتی ئێران قەیرانی بێکار تەنگی پێ هەڵچنیون.

ناوبراو ڕەخنەی لەوەش گرت کە گەنجانی وڵاتەکەی لەبەر قەیرانی ئابووری توانای هاوسەرگیری کردنیان نییە و 14 ملوێن کچ و کوڕ لە ئێراندا تەمەنی هاوسەرگیرییان تێپەڕاندووە و کەس خەمیان بۆ ناخوات.

نوێنەری خەڵکی کرماشان گوتیشی: ژمارەیێک لە وەزیرەکان وەکوو وەزیری نەوت کە خەڵکی کرماشانە لەجیاتی ئەوەی داڵغەی گەنجەکانی هەبێت کەسانی ناپسپۆڕ بۆ پۆستی مودیرعامی دەستنیشان دەکات.

بە داخەوە کەسانی وەکوو ڕەحمانی وەزیری بازرگانی زاواکەی سەرۆککۆمار وەکوو بریکار و جێگری خۆی دەستنیشان دەکات و خزم و قەوم و قیلەی بەرپرسانی باڵا دەستیان بە سەر هەموو پۆستە باڵاکاندا گرتووە و منداڵ و بنەماڵەی زۆر بەرپرسی باڵا لە دەرەوەی وڵات ڕایدەبوێرن و هاووڵاتییانی ئێران لە نێوخۆی وڵاتدا قەیرانی ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیون.

ناوبراو باسی پاڵاوگەی کرماشانی کرد و ڕەخنەی لەوەش گرت کە بە بەرتیل و ئیمتیازوەرگرتن یەک کەس دەستی بە سەر کەرتی وزە و نەوتی کرماشاندا گرتووەو پاڵاوگەکە دراوە بە کەرتی ئەهلی و ئەوەش کارێکی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستووری ئێرانە.

جاسمی داواشی کرد کرماشان وەکوو ناوچەی شەڕ و ناوچەی لێقۆماو تۆمار بکرێت و گوتیشی: شێوازی مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵ ناوچەی لێقۆماوی بوومەلەرزەلێدراو جێگای ئەسەفە. کەمپی ئەوارەکانی فەڵەستین وەزعیان لە خەڵکی لێقۆماوی کرماشان باشترە و ئێمە شەرمەزارین لە خەمساردیی بەرپرسانی دەوڵەت.

News Code 50304

Your Comment

You are replying to: .
captcha