تا ئێستا تاکە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ھەر ھۆشیار زێباریە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاکە کاندیدی پارتی تا ئێستا ھەر ھۆشیار زێباریە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و لە پێشبڕکێ دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ئەمڕۆ 9-2-2022 وتی، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر کاندیدی پارتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق بدات و ڕایگەیاند: "دڵنیاین لە پاکیی کاندیدی خۆمان و بڕیارەکەی دادگاش ھەڵدەگیرێت".

ڤیان سەبری وتیشی، "ئەو بڕیارە کاتیەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە لەبارەی کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری دەرکراوە ھەڵدەگیرێت، دڵنیاین لەوەی کاندیدی پارتی ھیچ کێشەیەکی یاسایی نیە و ئەوەی بەرامبەری کراوە زیاتر سیاسیە، لەبەر ئەوەش دادگا پرسەکە یەکلا دەکاتەوە".

ناوبراو جەختیکردەوە کە "تاکە کاندیدی پارتی تا ئێستا ھەر ھۆشیار زێباریە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و لە پێشبڕکێ دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتیشی: "ئێمە لەنێو پڕۆسەی دیاری کردنی سەرۆککۆمارداین و ھەر کاتێک بڕیاری کاتی لەسەر کاندیدی ئێمە ھەڵگیرا لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەوکات پارتی بڕیاری خۆی دەدات لەنێو ھۆڵی پەرلەمان بۆ دانوستان و دەمانبینن".

News Code 5028

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha