توركیا له‌ جه‌رابلوس هێز کۆ ده‌کاته‌وه‌ و باری نائاسایی ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی تورکیا- سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌ هه‌رێمی شه‌هبا و جه‌رابلوس باری نائاسایییان ڕاگه‌یاند و ده‌ستیان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێز كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاژانسی ANF بڵاوی کردۆته‌وه‌ که‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 12ی کانوونی یه‌که‌می 2018 ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕای‌گه‌یاند "له‌ چه‌ند ڕۆژی‌تردا ده‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌كه‌ین" كاروانێكی سه‌ربازی كه‌ له‌ 200 ئۆتۆمبێل پێكهاتبوون له‌ شاری كیلیسه‌وه‌ چوونه‌ جه‌رابلوس له‌ هه‌رێمی شه‌هبا له‌‌ باكووری سووریا و له‌ 6 ناوچه‌ش باری نائاسایی ڕاگه‌یێندرا و شه‌وی ڕابردووش گرووپه‌ چه‌کداره‌کانی نزیک له‌ تورکیا له‌ "کانیا دلان"ی جرابلوسه‌وه‌ هێرشیان کردوووه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێک له‌ مه‌نبه‌ج.

سه‌رچاوه‌ هه‌رێمییه‌كان رایانگه‌یاند که‌ ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازییه‌ چه‌ندین تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی له‌خۆ گرتبوو‌ و سوپای توركیا و گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌ جه‌رابلوسه‌وه‌ به‌ چه‌كی جۆری بی كه‌ی سی، ئێم جی ٣ و هاوه‌ن هێرشیان كرده‌ سه‌ر گونده‌كانی عه‌ره‌ب حه‌سه‌ن و تۆلهار له‌ باكووری مه‌نبه‌ج به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌و هێرشه‌دا زیان به‌ هاووڵاتییان و شه‌ڕڤانان بگه‌یه‌نن.

شایانی باسه‌ که‌ سوپای توركیا ده‌ستی به‌ جموجووڵی سه‌ربازی له‌ سنووری باكووری سووریادا كردوووه‌ و له‌ هه‌رێمه‌ داگیركراوه‌كانی عه‌فرین، مارع، باب، جه‌رابلوس، ئه‌خته‌رین، عه‌زاز و راعی بۆ ماوه‌ی 2 ڕۆژ باری نائاسایی راگه‌یاندوووه‌. هاوكات چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ هاووڵاتییانیان وتوووه‌ که‌ نابێت ئه‌مڕۆ تاوه‌كوو ئێواره‌ له‌ ماڵه‌كانیان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕێگای هاتوچۆی نێوان ئه‌و شارانه‌شیان قه‌ده‌غه‌ كردوووه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاووڵاتییان و دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50232

Your Comment

You are replying to: .
captcha