مه‌حموود عوسمان: پێویسته‌ ھه‌نگاوه‌کانی ده‌رکردنی ده‌ستووری ھه‌رێمی کوردستان خێراتر بکرێن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد ڕای‌‌ده‌گه‌یێنێت که‌ ھه‌رێمی کوردستان وه‌ک کیانێکی ده‌ستووری و یاسایی له‌ ناوچه‌که‌دا له‌ زۆر ڕووه‌ گه‌شه‌ی کردوووه‌ به‌ڵام به‌ هۆی نه‌بوونی ده‌ستوورێکی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ له‌ ھه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌ ئاسته‌نگ بۆ ھه‌رێمی کوردستان دروست بوووه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ھه‌نگاوه‌کان خێرا بکرێن بۆ ده‌رکردنی ده‌ستووری ھه‌رێمی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دکتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری کورد بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: ھه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ ده‌ستوور ھه‌یه‌ و پێویسته‌ لایه‌نه‌کان بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ببینه‌ خاوه‌نی ده‌ستووری خۆمان.

ناوبراو ده‌شڵێت: "له‌ ساڵی دوو ھه‌زاره‌وه‌ ھه‌رێمی کوردستان کاری بۆ ده‌رکردنی ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ خۆی کردوووه‌، دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراقیش ھه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام بوووه‌ له‌ ھه‌وڵه‌کانی بۆ ئاماده‌کردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ھه‌رێمی کوردستان ھه‌تا له‌ کاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥ زۆر به ‌زه‌حمه‌ت باوه‌ڕمان به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان ھێنا له‌ ناو ده‌ستووری عێراقدا ددان به‌ ھه‌بوونی ده‌ستووری ھه‌رێمدا بنێت و ئه‌وه‌ بوو له‌ ناو ده‌ستووردا جێگیر کرا که‌ ھه‌رێمی کوردستان مافی خۆیه‌تی ده‌ستووری تایبه‌تی خۆی ھه‌بێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان پلانی ھه‌یه‌ له‌ قۆناغی داھاتوودا پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ھه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ بکرێت و دواتر بخرێته‌ ڕاپرسییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی ھه‌رێمی کوردستان زیاتر به‌ھێز بێت و یاساکان وه‌ک خۆیان جێبه‌جێ بکرێن و له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی کورد گوتی: "ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووری عێراقدا جێگیر کرا بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌رێمی کوردستان ده‌ستووری خۆی ھه‌بێت ده‌ستکه‌وتێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لانی ھه‌رێمی کوردستان."

ساڵانی ڕابردوو له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یێکی پسپۆڕه‌وه‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ھه‌رێمی کوردستان کاری له‌سه‌ر کراوه‌ و قۆناغی باشی بڕیوه‌ به‌ڵام به‌ ھۆی ناکۆکیی سیاسییه‌وه‌ کارکردن له‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستوور ڕاگیراوه و دکتۆر مه‌حموود عوسمان ڕوونی کرده‌وه‌: "ئێمه‌ له‌ ھه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌ ده‌ستوور ھه‌یه‌ و ده‌بێ ھه‌نگاوه‌کان خێراتر بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌ربکرێت، چوونکه‌ که‌ ده‌ستوور ھه‌بوو ده‌بێته‌ ڕێپێشانده‌رێکی گرنگ بۆ ده‌رکردنی یاساکان."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50225

Your Comment

You are replying to: .
captcha