مالیکی: به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت بمکاته‌ جێگری سه‌رۆک کۆمار

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا ئاشکرای ده‌کات که‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت بیکات به‌ جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک کۆماری عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11ی کانوونی یه‌که‌می 2018‌ نووری مالیکی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند که‌ پۆستی جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک کۆماری عێراق وه‌رده‌گرێت و به‌رهه‌م ساڵحیش له‌و ڕوووه‌وه‌ ڕێگریی نییه‌ و ئاره‌زووی له‌وه‌یه‌ پۆسته‌که‌ وه‌ربگرم.

مالیکی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا پێکهاته‌ی سوننه‌کان کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆک کۆمار دیاری نه‌کردوووه‌ به‌ڵام ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن سه‌لیم جبووری سه‌رۆکی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆک کۆمار وه‌ربگرێت.

ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ پێشتر هاوپه‌یمانیی نه‌سر بڵاوی کرده‌وه که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی عێراق ڕه‌تی کردوووه‌ته‌وه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق وه‌ربگرێت.

سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ی له ‌سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا، تا ئێستا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق جێگرانی خۆی دیاری نه‌کردوووه‌، به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یێکیش، ناکۆکییه‌کان له‌باره‌ی ته‌واوکردنی کابینه‌ وزارییه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هۆکاری یه‌کلایی نه‌بوونه‌وه‌ی پۆستی جێگرانی سه‌رۆک کۆماره‌.

له ‌ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆماری عێراق سێ جێگری هه‌بوو و هه‌ریه‌ک له‌ نووری مالیکی و ئه‌یاد عه‌لاوی و ئوسامه‌ نوجێفی له‌و پۆسته‌دا بوون.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50175

Your Comment

You are replying to: .
captcha