تورکیا بەپێی نەخشەى عوسمانییەکان بازاڕی کەرکووک نۆژەن دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێکخراوەیێکی تورکیا بەپێی نەخشەیێکی سەردەمی عوسمانیەکان دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ نۆژەن کردنەوەی بازاڕە سووتاوەکەی کەرکووک، کە نەخشەکە دەگرێتەوە بۆ ساڵەکانی پێش ١٨٥٥.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێستا ئەو نەخشەیەی سەردەمی عوسمانییەکان لەلای بەڵێندەری پڕۆژەی نۆژەن کردنەوەی بازاڕەکەیە، بەڵێندەرەکە وتی پێیان وتراوە دەبێت بەپێی نەخشەکەی سەردەمی عوسمانییەکان کارەکانیان بکەن و بازاڕەکە چۆن بووە ئاوای لێبکرێتەوه و ئەو پێداویستیانەش کە لە عێراق دەست ناکەون، ئەوا وڵاتی تورکیا خۆی هاوشێوەی ئەو سەردەمە و بەپێی نەخشەکە دروستی دەکاتەوە.

دووکاندارەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، ئێستا کە دەست کراوە بە نۆژەن کردنەوەی بازاڕەکە، چەند حزب و لایەنێک دەیانەوێت پاسەوانی خۆیان بۆبازاڕەکە دابمەزرێنن، ئەمەش مەترسی دروست کردووە لەلایان.

کارکردنی ئەو ڕێکخراوە تورکییە دوای بێدەنگ بوونی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم دێت کە هیچ لایەکیان بەفەرمی نۆژەن کردنەوەی بازاڕە سووتاوەکەیان لە ئەستۆ نەگرت.

تەحسین کەهیە سەرۆکی لیستی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند دوای دەستپێشخەریی ڕێکخراوە تورکیەکە ئەوان وەک لیستی تورکمانی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای کەرکووک مۆڵەتی نۆژەن کردنەوەی قەیسەریەکەیان داوە بەڕێکخراوە تورکیەکە و ئێستا هەرخۆشیان پلانی شێوازی نۆژەن کردنەوەکە جێبەجێ دەکەن.

چەند ڕۆژێک دوای سووتانی بازاڕی قەیسەری کەرکووک لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەردانی بازاڕەکەیان کرد و نووسراویان ئاراستەی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد تا دەستپێشخەری بکەن بۆ نۆژەن کردنەوەی قەیسەریەکە بەڵام وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرایەوە.

سەرچاوە: ئین ئاڕتی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50155

Your Comment

You are replying to: .
captcha