گۆڕان: هیچ مه‌رجێکمان بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هیچ مه‌رجێکیان بۆ به‌شداری کردن له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نییه‌ و بڕیاری کۆتاییش له‌لایه‌ن جڤاتی نیشتمانییه‌وه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌درێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌مال محه‌مه‌د سه‌رۆکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانی چه‌ند لایه‌نێک به‌ ئامانجی به‌شداری نه‌کردنی گۆڕان له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ (باسنیووز)ی ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ گوێ له‌و ھه‌وڵانه‌ ناگرین، ھیچ که‌س ناتوانێت ھیچ بڕیارێک به ‌سه‌ر ئێمه‌دا بسه‌پێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆمان بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین، ھه‌روه‌ھا به‌پێی سیاسه‌تی خۆمان کار ده‌که‌ین واته‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بزووتنه‌وه‌که‌مان له‌چیدا بوو ئه‌وه‌ ده‌که‌ین."

ناوبراو ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان بۆچوونی ئۆرگانه‌کانی خواره‌وه‌ ده‌به‌نه‌ جڤات و له‌وێ چ بڕیارێک بدرێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

جه‌مال محه‌مه‌د له‌باره‌ی مه‌رجه‌کانیش بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت گوتی: "ئێمه‌ ھیچ مه‌رجمان نییه‌، ته‌نیا داده‌نیشین بزانین شاندی پارتی چی ده‌ڵێن و بۆچوونیان چییه‌؟ ئه‌و کاته‌ بۆچوونی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو."

ناوبراو ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ که‌ هێشتا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌وه‌ ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه‌ که‌ ئاخۆ که‌ی سه‌ردانیان ده‌که‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ که‌ناڵی ئاسمانیی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشکرای کردوووه‌ یه‌کێتی هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا نه‌کات چوونکه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداری بکات، یه‌کێتی پۆستێکی گرنگی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ست ده‌چێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50136

Your Comment

You are replying to: .
captcha