جه‌خت له‌سه‌ر هاوکاریی کورد و سوپای عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ده‌کرێته‌وه‌

به‌شی جیهان- ماکسۆل مارکۆسن ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر هێرشی تیرۆریستیی ساڵی ڕابردووی جیهان بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی هێرش و جموجۆڵی داعش له‌ عێراق ده‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌نته‌ری ئابوور و ئاشتیی ئۆسترالیا ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی ئاستی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌کان له‌ ساڵی ڕابردوو، که‌م بوونی ژماره‌ی هێرشه‌کان و خه‌ساری هێرشی تیرۆریستی له‌ ئاستی جیهان بڵاو کرده‌وه‌.

به‌شێکی ڕاپۆرته‌که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

به‌پێی ڕاپۆرته‌که‌، به‌شێکی گرنگ له‌ که‌م بوونه‌وه‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌کان له‌ جیهان په‌یوه‌ندیی به‌ له‌ناوچوونی تیرۆریزم له‌ عێراق هه‌یه‌ و به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ڕاپۆرتی ئه‌مدواییه‌ی گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ مومکینه‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش هێشتاکه‌ 20 بۆ 30 هه‌زاری هێزی له‌ عێراق و سووریا هه‌بێت و ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ مانگانه‌ به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند 78 هێرشی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌دات.

ماکسۆل مارکۆسن نووسه‌ری ڕاپۆرتی ئابوور و ئاشتیی ئۆسترالیا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا له‌ پارێزگاکانی که‌رکووک، دیاله‌، نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌ددینی عێراق ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رێک بوووه ‌له‌ به‌رده‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ کاریگه‌ره‌کانی دژ به‌ داعش.

ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دژ به‌ داعش ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن تێده‌گه‌ن که‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی که‌م دژ به‌ داعش ئه‌نجام ده‌درێت و توانای ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ کردنه‌ئامانجی داعش که‌م بۆته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50089

Your Comment

You are replying to: .
captcha