به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی لێپرسراوی کۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌کێتی به SNNی ڕاگه‌یاند: "له‌سه‌ر چیای قه‌ره‌چوغ که درێژییه‌که‌ی (25-27) کیلۆمه‌تر ده‌بێت، نزیکه‌ی 300 چه‌کداری داعش جێگیر کراون که ته‌نانه‌ت خێزان و ئافره‌تیشیان له‌گه‌ڵدایه".
ناوبراو وتیشی: "ڕۆژانه به ئۆتۆمبێل خواردن و ئاو و ئازوقه بۆ ئه‌و چه‌کدارانه ده‌چێت، له کاتێکدا له دیوی پێشه‌وه‌ی چیاکه پۆلیسی فیدراڵی ھه‌یه و له به‌شی پشته‌وه‌ش ھێزی پێشمه‌رگه‌ی لێیه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌کێتی ده‌شڵێت: "ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش که خۆماڵین به مه‌به‌ست ھێنراوانه‌ته سه‌ر ئه‌و چیایه و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی که‌نداوه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێن به جۆرێک ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و که‌نداو و تورکیا و ناوچه‌که له حکوومه‌تی ئێستای عێراق بخرێته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه ئه‌و چه‌کدارانه به‌کار ده‌ھێنرێن".
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی ئاشکراشی کرد: "له ئه‌گه‌ری به‌کارھێنانی ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش، یه‌که‌م کاریان داگیرکردنی ناحیه‌ی گه‌یاره ده‌بێت که ئه‌وکات ڕاسته‌وخۆ شاری مووسڵ له ڕووی ئه‌منییه‌وه ده‌که‌وێت و به ئاسانی له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیر ده‌کرێته‌وه".
ناوبراو وتیشی: "ھاوکات، قه‌زای مه‌خموور له ڕووی جیپۆلۆتیکیه‌وه گرنگه، چوونکه قه‌زاکه ناوه‌ندێکه و پێنج شار به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و که‌وتۆته نێوان ھه‌ر دوو ڕووباری زێی بچووک و ڕوباری دیجله بۆیه ئه‌و قه‌زایه‌ش داگیر ده‌کرێت".
به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتیی له سنووری مه‌خموور ڕونی کرده‌وه: "له ناحیه‌ی گوێڕه‌وه تا ده‌گاته به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتی قه‌زای شه‌رگات ھه‌شت دارستانی چڕ ھه‌یه که ھه‌ر ھه‌شتیان پڕن له چه‌کداری داعش".
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی جه‌ختی له‌سه‌ر کرده‌وه: "ئێستا نه سوپا و پۆلیسی عیراق و نه حه‌شدی شه‌عبیش بۆیان نییه بچنه ئه‌و دارستانانه‌وه و کێو‌ماڵی بکه‌ن چوونکه بۆ ھه‌ر کارێکی له‌و شێوه‌یه‌ش ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریکا وه‌ربگرن".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment