کوردپرێس:
لە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگەی ڕابردووە ، ئەندامانی نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی گەلان-هەدەپە لە هەرێمی كوردستان، دژی بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان و پشتگیری لە مانگرتنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆكی كەجەدە لە زیندانیی ئامەد، دەستیان بە مانگرتنی خولی كردووە، ئەمڕۆ نۆیەم گرووپ دەستیان بە مانگرتن كرد.
كەریم ئابید ، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە "ئێمە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و پشتگیریی پەرلەمانتاری مانگرتوو لەیلا گۆڤەن، مانگرتنمان لەخواردن ڕاگەیاندووە، مانگرتنەکەمان بەردەوامیی دەبێت، هەتا ئەو كاتەی گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت و پەرلەمانتارەكان لە زیندانەكانی دەوڵەتی تورك بمێننەوە".
لەبارەی سەردانی لایەنەكانیشەوە ئەو ئەندامەی هەدەپە ئاماژەی بەوە كرد "تاوەكوو ئێستا ژمارەیێک پارت و لایەنی سیاسی و ڕێكخراو كونسووڵگەریی وڵاتان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانی سەردانیان كردووین و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەبڕیوین، هیوا خوازیشیسن پاڵپشتی چین و توێژەكان بۆ مانگرتنەكەمان بەردەوامی هەبێت".
ماوەی ١٧ ڕۆژە ئەندامانی نوێنەرایەتىی هەدەپە، لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی هەشت گرووپدا بەشدارییان لە مانگرتنە خولییەكەدا كردووە، ڕۆژانەش پارت و لایەنە سیاسییەكان، وەك پشتگیرییێک، سەردانی نوێنەرایەتییەكەی هەدەپە دەکەن.
*لە شارپرێس وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment