به‌رهه‌م ساڵح ستایشی یۆنامی ده‌كات له‌ پشتیوانی كردنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆمار و نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ عێراق کۆ بوونه‌وه‌ و به‌رهه‌م ساڵح بایه‌خی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان دووپات ده‌كاته‌وه‌ له‌ پشتیوانی كردنی پرۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌كان له‌ عێراقدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 5-12-2018 د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ به‌غدا پێشوازیی كرد له‌ یان كۆبیچ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ عێراق كه‌ هاتبوو بۆ ماڵئاوایی كردن به‌ بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كانی.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆمار بایه‌خی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كانی له‌ پشتیوانی كردنی پرۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی له‌ عێراقدا دووپات كرده‌وه‌، هاوكات هه‌وڵه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ی به‌رز نرخاند له‌ پێشكه‌ش كردنی پشتگیری و ڕاوێژی پێویست به ‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی له‌ وڵاتدا.

به‌رھه‌م ساڵح هه‌وڵه‌كانی یان كۆبیچیان به‌رز نرخاند له‌ كاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی عێراق (یونامی) و داوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كرد له‌ ئه‌ركی نوێیدا.

لای خۆیه‌وه‌ یان کۆبیچ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان سوپاسی سه‌رۆک كۆماری عێراقی كرد و ئاماژه‌یشی كرد بۆ بایه‌خی یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تێكدا كه‌ بتوانێت خواسته‌كانی گه‌لی عێراق به‌دی بێنێت، هاوكات ئاماده‌ییی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كانی خسته‌ڕوو بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50042

Your Comment

You are replying to: .
captcha