نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی لوبنان پشتگیری و ئاسانكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كارسازان و وه‌به‌رهێنه‌رانی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه 4ی کانوونی یه‌که‌می 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جوبران باسل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان و نیكولا توینی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی لوبنان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و شاندێكی باڵای یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ ژماره‌یێک له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون دۆخی سیاسیی عێراق و پرۆسه‌ی سیاسیی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ و هه‌روه‌ها باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌.

جوبران باسل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و پشتگیری كردنی كار و چالاكییه‌كانی ڕه‌وه‌ندی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لوبنان خوازیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و بازرگانی و گه‌شتیاری و كلتووریدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات و گرنگییێكی تایبه‌ت به‌م‌ په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌دات.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی پشتگیری و ئاسانكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كارسازان و وه‌به‌رهێنه‌رانی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ ڕه‌وه‌ندی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌ زۆر بواری بازرگانی و كلتووری و گه‌شتیاریدا چالاكن و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچن.

تاوتوێ كردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و دۆخی ئێستای عێراق به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49999

Your Comment

You are replying to: .
captcha