PKK و PYD پێوەندییان پێکەوە نییە/ PKK لە سووریا، بوونی نییە

بەشی سووریا- وتەبێژی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی PKK و PYD پێوەندییان پێکەوە نییە و هیچ هێزێکی PKK لە باکووری سووریا، بوونی نییە.

کوردپرێس:

ڕووداو و گۆڕانگارییەکانی ئەم دواییەی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە تورکیا و باکووری سووریا و باکووری عێراق هاندەرمان بوو بۆ ئەوەی گفتوگۆیێک لەگەڵ "سەرحەد ڤارتۆ" وتەبێژی فەرمیی PKK بکەین و وەڵامی چەند پرسیارێکی گرینگی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە لێ وەربگرین. سەرحەد ڤارتۆ ڕەتی دەکاتەوە کە PKK لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) و هەروەها یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) پێوەندییان پێکەوە ببێت و دەشڵێت: PKK لە سووریا، بوونی نییە.

هەر لە دیمانەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا، وتەبێژی فەرمیی پەکەکە وتوویەتی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە هەرگیز ورەی ئەو هێزانەی دانەبەزاندووە و تەنانەت بە عەکسەوە ئەوە وڵاتی تورکیایە کە لە باری ناوخۆییەوە تووشی قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک کێشەی جدی بووە و ئەوانەش وای کردووە تورکیا بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون بڕوات.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ وتەبێژی فەرمیی پەکەکە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: تورکیا ئیدعا دەکات پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە سووریا بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK). وەڵامتان بۆ ئەو مەسەلەیە چییە؟

سەرحەد ڤارتۆ: بێگومان PYD جووڵانەوەیێکە لە سووریا و بزووتنەوەیێکی سەربەخۆ و جیاوازە لە پەکەکە. پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا بە یاوەریی پارتەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدارەی خۆسەری باکووریان پێکهێناوە و ئەو ئیدارە خۆسەرە تەنها بە کورد پێکنەهێنراوە بەڵکوو عەرەب و سریانی و ئتنیک و ئایینزاکانی دیکەشی تێدا بەشدارن و ئیدارەکەی باکووری سووریا بەپێی بڕیاری خۆیان هەڵدەسووڕێت.

پەکەکە کۆمەڵێک هزری نیشتمانی و سەروونیشتمانی لە خۆ دەگرێت کە بەڕێز "ئوجەلان" بونیاتی ناوە. هەر بۆیەش زۆر حیزب و ڕیکخراوی فیکری، خۆیان لەو بازنەیەدا دەبیننەوە. لە ئەورووپا و ئەمریکای کۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەگشتی لە هەموو جیهان زۆر حیزب و ڕیکخراو هەن کە ئەندێشەی ئوجەلانیان کردۆتە بنەما بۆ مەرامنامەی حیزبەکەیان و ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئەو حیزبانە بەشێک بن لە پەکەکە؛ بەڵکوو هەر یەکەو لەو حیزبانە خاوەن هێزی خۆیانن و جیاوازن لە پەکەکە.

کوردپرێس: ئەمریکا لە سووریا هاوکاریی کورد دەکات بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا پاداشتی دانا بۆ دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی دیاری پەکەکە. چ خوێندنەوەیێک بۆ ئەو بابەتە دەکەن؟

سەرحەد ڤارتۆ: نە دومنایەتی کردنی تورکیا لەگەڵ کورد لە سووریا بەبۆنەی دژایەتی­کردنی پەکەکەیە و نە پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریاش لە سەر بنامەی دۆستایەتییە. هەردووک لەو تەعامولانەدا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان پەیڕەوی سیاسەتی خۆیان دەکەن. تورکیا دوژمنایەتیی هەموو جووڵانەوەیێکی کوردی دەکات و هەموو بزووتنەوە کوردییەکان دەبەستێتەوە بە پەکەکەوە لەبەر ئەوەی ئەو بیانووە بکاتە دارەدەست و هێرش و پەلامارەکانی خۆی بە مەشرووع و ڕێگەپێدراو بنوێنێت. لە لایێکی دیکەشەوە ئەمریکا دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا دەقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی کار دەکات و خزمەتی کورد ناکات. هەر بۆیەش دەبێت سەرنجی ورد بدەین لە شێوازی سیاسەت کردنەکان.

بەڵام بەعەکسەوە ئێمە وەکوو پەکەکە دەماونەوێت کێشەی کورد لە هەموو بەشەکاندا بە دیالۆگ و بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێت لەبەر ئەوەی ئەگەر بێتوو ئەو مەسەلەیە چارە نەکرێت کێشەی ناوچەکە حەل نابێت. تا ئەو کاتەی کێشەی کورد یەکلا نەبۆتەوە، هێزی بیانی بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان دێنە ناوچەکە. بۆیەش ئەرکی هەمووانە کە ڕێگە بە هێزە بیانییەکان نەدەن تەداخولی کاروباری ناوچەکە بکەن.

کوردپرێس: وەزری زستان و سەرما و سۆڵە بەڕێوەیە و شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کەم دەبێتەوە، ئایا پاش زستان بەردەوام دەبن لە هەڵمەت و جووڵەی سەربازیتان؟

سەرحەد ڤارتۆ: تورکیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی ئێمە. نەک هەر لە تورکیا بەڵکوو لە باکووری عێراق و باکووری سووریاش هێرشی کردۆتە سەرمان. لە بەرانبەریشدا هێزەکانی ئێمە بەرخۆدانی مەزنیان لە باکووری عێراق و باکووری سووریا پیشان داوە و لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بەرگرییان لە خۆیان کردووە. ئەگەر سەرنجی بابەتەکە بدەین دەردەکەوێت کە جووڵە و بەرخۆدانی ئێمە زیندووە و بەرزەپا وەستاوین لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کە تورکیا لە بەر ئەو هەڵانەی کردوویەتی لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەش دۆخێکی چەقبەستوو تێدەپەڕێنێت و عیلاقاتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا خراپە و هەرچەند هەوڵی دا نەیتوانی پێوەندییێکی باش و ئیجابی لەگەڵ وڵاتی ڕووسیاش دروست بکات.

لە نێوخۆی تورکیاش کێشەی کۆمەڵایەتی پەرەی سەندووە و قەیرانی ئابووری تەنگی بە کۆمەڵگا هەڵچنیوە. لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا گوشارەکە لە سەر هاووڵاتییان زیاترە و ئەوەش ناڕەزاییی زۆری لێکەوتۆتەوە. ئێستاکە گوشاری مەدەنی لە سەرتاسەری تورکیا دژ بە دەوڵەت زیادی کردووە و لەبەرانبەردا دەوڵەتیش گوشارەکانی خۆی بۆ سەر هاووڵاتییان فراوانتر کردووە هەر ئەمانەش دەلالەتن لە سەر دۆخی چەقبەستووی تورکیا.

کوردپرێس: ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی بڕوایان وایە پێنج ساڵی ڕەبەقە سوپای تورکیا لە تورکیا و عێراق هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانی پەکەکە و لەبەر ئەوەش توانای سەربازیی پەکەکە کز بووە و بەشێوەیێک لە شێوەکان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا شکستی هێناوە. وەڵامتان بۆ ئەو بابەتە چییە؟

سەرحەد ڤارتۆ: لە ماوەی سێ چوار ساڵی ڕابردوودا نەک جووڵانەوەکەی ئێمە کز و لاواز نەبووە بەڵکوو بەعەکسەوە ئەوە پارتی دادوگەشەیە کە چ لە نێوماڵی خۆی و چ لە دەرەوەی حیزبیش بەرەو کزی و بێ­وازی دەڕوات. دیارە تورکیا گرفتاری قەیرانی جدییە و ئەگەر بەو کێشانەی ئێستاوە بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی خۆی، بێ­­گومان بەرەو هەڵدێر و نەمان دەڕوات.

کوردپرێس: پارتی دادوگەشە (AKP) وەکوو حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا گوشاری زۆری خستۆتە سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP). بە سەرنجدان بەو گوشارانە، بەڕای بەڕێزتان پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبە دابەزینی بەخۆوە نەبینیوە؟

سەرحەد ڤارتۆ: دیارە ئەو گوشارانەی خراوتە سەر بزووتنەوەی کوردی تەنها لە سەر پەکەکە نییە و پارتی دیموکراتیکی گەلانیش چەندین قات گوشاری خراوەتە سەر. دەوڵەتی تورکیا زۆرینەی هاوسەرۆکەکان و هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و نوێنەرانی پەڕلەمان و لایەنگرانی هەدەپەی کردۆتە بەندیخانەوە. هەڵبەت هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییە سەلماندی کە گوشارەکان شوێندانەریی لە سەر ئیرادەی گەل نەبووە و HDP سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەی خرابوویە سەری، دیسان ڕێژەی دەنگەکانی کەمتر لە 12 بۆ 13 لە سەد نەبوو. گومانی تێدا نییە کە ئەگەر گوشاری سیستماتیک نەبوایە ڕێژەی دەنگی ئەو حیزبە مامناوەندی 15 بۆ 17 لە سەدی تێدەپەڕاند. بۆیە ئەو ڕاستییە سەلمێندرا کە هەرچی گوشاری زیاتر بخرێتە سەر گەل بە هەمان ڕادە، ئیرادەی گەل بۆ دەستخستنی ئامانجەکانی پتەوتر دەبێت.

کوردپرێس: خەڵکانێک هەن کە دەڵێن پەکەکە لە باکووری سووریا بوونی هەیە و تەداخولی کاروباری ناوخۆی باکووری سووریا دەکات. لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

سەرحەد ڤارتۆ: هیچ هێزێکی پەکەکە لە کوردستانی سووریا، بوونی نییە. کوردی سووریا لەو کاتەوە شەڕ لە سووریا دەستی پێکردووە توانیویانە خۆیان لەباری سیاسی و سەربازی و مەدەنییەوە یەک بخەن و ئەو ڕێچکەیەش درێژەی دەبێت. داواکاریی ئێمە سەبارەت بە وڵاتی سووریا ئەوەیە کە کێشەکانی ئەو وڵاتە لە سەر ئەجیندای سیاسی و بە دیموکراسییانە و بە بڕیاری خەڵکی سووریا چارەسەر بکرێت. ئێمە داوا دەکەین دەستوورێکی دیموکراسییانە لە سووریا بنووسرێت و لەو دەستوورەدا مافی هەموو قەومییەت و ئایینزاکان پارێزراو بێت و گەلی سووریا بە ئاشتییانە لە ئاسایشدا پێکەوە بژین. پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خەڵکی سووریاش پێویستی بەوەیە کە دەستوور بەشێوازێکی دادپەروەرانە مافی هەموو تاک و لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.

News Code 49977

Your Comment

You are replying to: .
captcha