بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدوای ئاشكرا كردنی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە مەسروور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای پیرۆزبایی كردن لە كاندیدەكەی پارتی، راشیدەگەیێنێت ئەوان وەک یەكێتی هیوادارن مەسروور بارزانی لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بێت.
راشیدەگەیێنێت مەسروور بارزانی كەسێک نییە زۆر لە دەرەوەی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووبێت و پێمان وایە یەكێتیش كاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت هەبێت پارتی پێی رازی دەبێت، ئێمە ھەموو ھاوکارییێکی مەسروور بارزانی دەکەین.
لە لایێکی دیکەوە ئەندامێکی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان ڕایگەیاند: کاندید کردنی مەسروور بارزانی دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی دەوڵەتی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە دژایەتی کردنی گەندەڵیدا دەبێت.
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان دەڵێت: هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئەوان بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە و ناشزانێت دواتر بڕیارەکەیان چی بەسەر دێت، بەڵام نەیشاردەوە کە ڕاسپاردە کردنی مەسروور بارزانی خزمەت بە ڕێکخستنەوەی دەوڵەتی دامەزراوەیی دەکات و ڕۆڵی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی کردنی گەندەڵی.
ئەو سەرکردەیەی حزبی شیوعی هیوای خواست، مەسروور بارزانی لە ئەرکی داهاتوویدا وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت و نەیشاردەوە کە هەر ئەوە پێشبینی دەکات.
ناوبراو گوتیشی: دەبێ چاوەڕێ بکەین و بزانین شێوازی پێکھێنانی حکوومەت و بەرنامەکەی چییە، چوونکە ئەوە دیاری دەکات چوار ساڵی داھاتووی حکوومەت چ گۆڕانکارییێک دەکات.
سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment