٣ کانونی یەکەم ٢٠١٨ - ١٢:٣٧
داعش ھێرشی كرده‌ سه‌ر گوندێكی كه‌ركووک

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- تیرۆریستانی داعش ھێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندێكی كوردان له‌ که‌رکووک و به‌رپرسێكی ئاسایشی كه‌ركووکیشی ده‌ڵێت که‌ به‌ھۆی ھه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستانه‌وه‌ كورد له‌و گونده‌ نه‌ماون و بۆ عه‌ره‌به‌كان جێی ھێشتوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌قیب گۆران عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی که‌رکووک بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "شه‌وی ڕابردوو (2ی کانوونی یه‌که‌می 2018) تیرۆریستانی داعش ھێرشیان كردوووه‌ته‌ سه‌ر گوندی كوردی ناسر سه‌ر به‌ ناحیه‌ی ڕه‌شادی پارێزگای كه‌ركووک و به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان ھاووڵاتییێک كوژراوه‌ و دوو ھاووڵاتیی دیكه‌یش بریندار بوونه‌ ئه‌وه‌یش دوای شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان گوندنشینان و چه‌كدارانی سه‌ر به‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش."

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی که‌رکووک ڕای‌گه‌یاند: "گوندی كوردی ناسر ڕاسته‌ گوندێكی كوردییه به‌ڵام دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق به‌ ھۆی ھه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ كوردانی نیشته‌جێی گونده‌كه‌ ناسریان چۆڵ كردوووه‌ و ھه‌موویان ئاواره‌ی كه‌ركووک بوونه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار ھێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر كوردانی ناوچه‌كه‌ و ژماره‌یێک شه‌ھید و برینداریشیان ھه‌بوووه‌."

نه‌قیب گۆران له‌باره‌ی زیادبوونی جووڵه‌ی داعشیش ڕوونی كرده‌وه‌: "له‌ ئێستادا داعش گه‌شه‌ی كردوووه‌ و ته‌نیا شانه‌ی نوستوو نه‌ماوه‌، به‌ڵكوو به‌ ئاشكرا چالاكی ئه‌نجام ده‌دات و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی دروست كردوووه‌ چوونكه‌ ھه‌ندێ ناوچه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدان."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49948

Your Comment

You are replying to: .
captcha