سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌: جموجۆڵی داعش له‌ سنووری که‌رکووک زیادی کردوووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌رکووک له‌ داعش پاک نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ڕۆژ له ‌دوای ڕۆژ جموجۆڵ و ژماره‌ی تیرۆریستانی داعش له‌ سنووری كه‌ركووک و شوێنه‌كانی‌تر زیاد ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌مال ئیمنکی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی باس ڕایگه‌یاندوووه‌: ئێستا ڕۆژ به‌ ڕۆژ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش زیاد ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌ سنووری كه‌ركووک و خانه‌قین و مه‌خموور، هه‌روه‌ها سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، زۆریی جموجۆڵی ئه‌و تیرۆریستانه‌ بۆ بۆشاییی ئه‌منی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ كه‌ هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی عێراق ناتوانن هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بیپارێزن و زۆر ده‌ڤه‌ر هه‌یه‌ له‌ سنووری مه‌خموور و كه‌ركووک و خانه‌قین و چه‌ند شوێنێكی‌تر که‌ تاوه‌كوو ئێستا له‌ داعش پاک نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه‌ش كردوووه‌: دۆخی ئه‌منیی خه‌ڵک له‌ كه‌ركووک و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی‌تر له‌ هه‌موو ڕوویێكه‌وه‌ خراپه‌ و ئێستا هێزێكی سه‌ربازیی به‌ سه‌ر كه‌ركووكدا سه‌پێنراوه‌ و پارێزگارێكی سه‌پێنراو بۆ ئه‌و شاره‌ سه‌پاوه‌ و له‌ سایه‌ی ئه‌واندا پرۆسه‌ی ته‌عریب كردن ده‌ستی پێكردووه‌ و ئه‌و ته‌عریبه‌ش هاوشێوه‌ی ته‌عریبی سه‌رده‌می به‌عس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ته‌عه‌دا له‌ كورد ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركووک و داقووق و خورماتوو و ناوچه‌كانی‌تر دۆخی كورد به‌ بێ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوورانه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49883

Your Comment

You are replying to: .
captcha