کوردپرێس:
کوردی سووریا ئێستا بۆتە تەوەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەشێکی هەرەگرینگی شرۆڤە و بۆچوونی چاودێرانی سیاسین. پاش کوودەتای بی ئەنجامی ساڵی 2016 لە تورکیا بەهۆی گۆڕدرانی سیستەمی حکومڕانی و پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و هەڵپەساردنی پڕۆسەی ئاشتی و سەرکوتکران و دەستبەسەرکرانی چالاکانی سیاسیی کورد، جووڵەی کۆمەڵگەی کوردی ستورکیا پەکی کەوت. کوردی عێراقیش پاش نەمانی هەڕەشەی جدیی داعش تا لێواری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و جیابوونەوە بەرەوپێش چوون بەڵام کاردانەوەی توندی وڵاتانی هەرێمی و جیهانییان بەرانبەر بەو پڕۆسەیە بینی و لەلایەن بەغدا و وڵاتانی هەرێمییەوە سزا دران و ئێستاش چارەیان نەماوە جگە لەوەی بگەڕێنەوە بەغدا و هەڵوێستی ئاشتییانە بگرنە بەر.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەبارەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و پێگە و دەوری کورد لەو ناوچەیە "ماریا چارونتاکی"ی دوواندوووە کە سەرۆکی بەشی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی سیاسەتی کوردییە لە زانکۆی لستری بەریتانیا. ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری کورد دەڵێت دۆخی ڕژۆهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاقارێکدایە کە ناکرێت خوێندنەوەیێکی شەفافی بۆ بکرێت لەبەر ئەوەی دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و دژوارە و بەرژەوەندیی لایەنەکان دژی یەکن و دەستی دەرەکی لە ناوچەکە زۆرن.
ناوبراو بە کوردپرێسی وتووە تەنانەت ڕۆڵگێڕە سەرەکییەکانی ناوچەکەش نەیانتوانیوە سیاسەتی ڕوون و شەفاف بگرنە بەر و نموونەکەشی پێوەندی و عیلاقاتی نێوان تورکیا و ڕووسیایە کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە سووریادا هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆوە بینیوە.
ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری کورد دەشڵێت پێ دەچێت دوو وڵاتی ئەمریکا و ڕووسیا، لە قەیرانی سووریادا تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە بکار بهێنن بۆ ئەوەی لە بڕیاردان لە سەر چارەنووس و ئایندەی سووریا بەهەرەیان لێ بەرن.
چارونتاکی جەختیشی کردۆتەوە بە سەرنجدان بەو ڕەوتە ئاڵۆزەی سیاسەتی کوردی و ناڕوونیی سیاسەتی ناوچەکە و فرەڕەنگیی دەسەڵاتی دەرەکی ناکرێت هێمایێکی ڕوون و شەفاف لە ئایندەی کوردی ناوچەکە بخەینە ڕوو.
ناوبراو لە کۆتاییی گفتوگۆکەی لەگەڵ کوردپرێس، گوتیشی باشتر وایە چاوەڕوان بکەین بزانین لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات ئەو کات دەتوانین هێمایێکی گەشتر و ڕوونتر لە پێگەی کورد بخەینە بەر دەست.
Your Comment