یه‌کێتی: به‌ شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ به‌شداری له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: یه‌کێتی به‌ شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و بڕیاری هاوبه‌ش و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش به‌شداری له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27-11-2018 به‌ سه‌رپه‌رشتیی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی راگه‌یێندراوێکی کۆبوونه‌وه‌که‌، دۆخی سیاسی و قۆناخی نوێی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق تاوتوێ كرا و له‌ به‌شێکی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌شدا هاتوووه‌: "یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌یییه‌كانی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان و هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق په‌ره‌پێده‌دات به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستووری و دیموكراسییه‌كانی گه‌لی كوردستان".

له‌باره‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتوووه‌: "دۆخی كوردستان و گفتوگۆكانی په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵسه‌نگێنرا، به‌رده‌وامیی گفتوگۆكانی نێوان یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كانی دیکه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌ گرنگ زانرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ یه‌كێتی به‌ شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و بڕیاری هاوبه‌ش و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌كات".

له‌باره‌ی کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی بڕیار درا ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو (1-12-2018) ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كۆ ببێته‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ که‌ ''سه‌روه‌ت و سامانی هه‌رێمی کوردستان به‌ یه‌كسانی بخرێته‌ خزمه‌تی بووژانه‌وه‌ی زیاتری كوردستان و گوزه‌رانی خه‌ڵک و په‌ره‌پێدانی بواره‌ جیاجیاكان له‌ خزمه‌تگوزاری، په‌روه‌رده‌، كشتوكاڵ، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئارامی و ئاسایش و بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری كوردستان''.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیکه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌ک له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتوووه‌: "سیاسه‌تی چه‌سپاو و له‌مێژینه‌ی یه‌كێتی له‌باره‌ی پاراستنی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ قۆناخه‌كه‌ و به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌ پێویستییێكی گرنگی قۆناخه‌كه‌ ناو برا".

دۆخی حزبی و ڕێكخراوه‌یی ته‌وه‌رێكی دیکه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو و كاروباری مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌ند و ئۆرگانه‌كان و چۆنێتیی سازدانه‌وه‌یان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانی قۆناخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورییه‌كان تاوتوێ كران و له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند بڕیارێكی گرنگ درا.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49787

Your Comment

You are replying to: .
captcha